کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ لەسەدی قوتابییان لە ئێران کەرەستەی فێرکارییان نییە

12:53 - 1 رەزبەر 2720

بەپێی ڕاپرسیی نوێی "ئیسپا" دەرکەوتووە کە زیاتر لە ٢٠ لەسەدی ئەو بنەماڵانەی کە قوتابییان هەیە، توانای دەستپێڕاگەیشتن بە کەرەستەی فێرکارییان نییە.

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان، ناوەندی "ئیسپا"، ڕاپرسییەکی سەبارەت بە دەستپێڕاگەیشتن بە تەبلێت و ئینتێرنێت بۆ فێرکاریی ئانلاین لەنێو بنەماڵەی خوێندکاراندا ئەنجام داوە و دەرکەوتووە کە ٢٠.٩ لەسەدی بنەماڵەکان دەستپێڕاگەیشتنیان بە کەرەستەگەلێک وەک مۆبایلی زیرەک و تەبلێت و ئینتێرنێت نییە.

بەپێی ئەو ڕاپرسییە، ٧٨.٨ لەسەدی بنەماڵەکان کەرەستەی پێویستیان بۆ خوێندنی ئانلاینی منداڵەکانیان هەیە.

ئەو ڕاپرسییە لە کۆمەڵگایەکی ئاماریی سەرووی ١٨ ساڵدا و بەشیوەی تەلەفۆنی لە ٢٢ تا ٢٦ی خەرمانان ئەنجام دراوە.

"موحسن حاجی میرزایی"،وەزیری فێرکاری و بارهینانی ڕێژیمی ئێران، ١٣ی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو کە ٣ ملیۆن قوتابی کەرەستەی پێویستیان بۆ خوێندنی ئانلاین نییە.

نەبوونی پڕۆتۆکۆلی پێویست بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و نەچوونەوەی قوتابییان و مامۆستایان بۆ قوتابخانەکان و لەولاشەوە نەبوونی توانای دابینکردنی کەرەستەی پێویست وای کردووە کە خوێندن بۆ خەڵکی کەمداهات ئەستەم ببێتەوە.