پاش تێپەڕینی یەک ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەڵکوەرگرتن لە خوێندن بە شێوەی ئانلاین هەتا ئێستاکەش بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران توانایی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ئەو شێوازە خوێندنەیان بۆ چارەسەر نەکراوە.
"جەواد حوسێنی" جێگری وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم وتوویەتی: "٣ ملیۆن قوتابی لە ئێراندا کەرەستەی پێویست بۆ خوێندنی ئانلاینیان نییە و زیاتر لە ٢ ملیۆن قوتابیش لە مۆبایلی دایک و باوکەکانیان کەڵک وەردەگرن".
وانە خوێندن بە شێوەی ئانلاین پێویستیی بە کەرەستەی تایبەت وەکوو "مۆبایل یان تەبلێت و ئینتێرنێت" هەیە کە ئەرکی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمە کە بۆ قوتابییانی دابین بکات.
دوای گشتگیریی کۆرۆنا و پەنا بردنە بەر خوێندنی ئانلاین، زۆربەی بنەماڵەکان بەهۆی هەژاری نەیانتوانیوە مۆبایل یا تەبلێت بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن و تووشی کێشە بوونە و ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵان لە خوێندن بەجێ ماون.
پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمش هیچ هەوڵێکی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قووتابییان نەداوە و ئەوانە بوونەتە هۆکارێک کە قووتابییان واز لە خوێندن بێنن.