کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٦ لەسەدی ماددەسڕکەرەکان لە ئێراندا دەدۆزرێتەوە

12:42 - 18 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵگەی ئێران لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کەوتووەتە قەیرانەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش دەڵێن هەموو شتێک چارەسەر دەبێت و تەنیا سەبرتان هەبێت.

پاسداری "مۆئمێنی" یەکێک لە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکی تەلویزیۆنیدا باسی لەوە کردووە کە تەنیا لە ماوەی یەکساڵدا ٨٠٠ تۆن ماددەی سڕکەر لە ئێراندا دەستی بەسەر داگیراوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم دانی بەوە داناوە کە ٦٧ لەسەدی ماددەسڕکەرەکانی جیهان؛ لە ئێراندا دەستی بەسەر دادەگیرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە ساڵانە نزیک یەک میلیارد دۆلار بۆ بەستنی سنوورەکان تەرخان دەکرێت کە قاچاغ پێشی پێ بگیرێت، بەڵام لە ڕێگای دەریاوە قاچاغی ئەنجام دەدرێت.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتدارانی پایەبەرزی ئەو ڕێژیمە بە گەورەترین و مەترسیدارترین مافیای قاچاخی ماددەی سڕکەر لە ئێران و جیهاندا ناسراون و ئێران دەروازەی سەرەكی بڵاوكردنەوەی ماددەی سڕکەر لە جیهان دایه. 

مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری عەلی هاشمی سەرۆکی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکانی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، بڵاویان کردەوە؛ لانیکەم ٤٠ هەزار میلیارد تمەن پارە لە بازرگانیی به ماددە سڕکەرەکانەوە لە ئێران، بە دەست دێت و هەروەها ساڵانە ١٦ تا ١٧ میلیارد تمەنیش لە ڕێگای قاچاغی ماددە سڕکەرەکانەوە پارە دەکەوێتە نێو بازارەوە.

ڕەحمان فەزڵی وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران گوتبووی، کە بازرگانیی ماددەسڕکەرەکان ڕۆڵی بنەڕەتی و گرینگی لە سیاسەتی نێوخۆیی ئێراندا هەیە.

مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری پێشووی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە سپای پاسداران کونتڕۆڵی بەسەر بازرگانیی ماددە سڕکەرەکاندا هەیە.
ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی لوبنان کارخانەی گەورەی بۆ بەرهەمهێنانی ماددە سڕکەرەکان هەیە، کە لەژێر چاوەدێریی بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی ئەو وڵاتەدا کار دەکەن.

پێشتریش ویکی لیکس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە؛ ڕێژیمی ئێران گەورەترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندایە و سپای پاسداران تڕانزیتی ماددەی سڕکەر دەکات.

بەپێی ئامارەکان لەساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا لەکۆی حەشیمەتی ١٥ هەتا تەمەن ٦٤ ساڵ لەئێراندا ٢ لەسەر ٥٦یان گیرۆدە بە ماددە سڕکەرەکانن.

رێژەی لاوانی تووش بوو بە ماددە هۆشبەرە سەنعەتییەکان لە ئێران و گیان لەدەستدان بە هۆی بەکارهێنانی ئەم ماددە هۆشبەرەانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ڕووی لە زۆر بوون کردووە.

ئامارەکانی ڕێکخراوی پزشکیی یاسایی باس لەوە دەکەن کە رۆژانە لانیکەم ١١ کەسی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان گیانیان لەدەست دەدەن.

ئێران گەورەترین كڕیاری تریاكی ئەفغانستان و یەكێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی هێرۆئین لە جیهاندایە.