کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ لەسەدی "منداڵانی کار" لە ئێران تووشی سووکایەتی دەبن

11:58 - 22 جۆزەردان 2722

لە حاڵێکدا هەموو ساڵێک ١٢ی ژوئەن "ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کاری منداڵان"، لە ڕاستای بردنەسەرەوەی وشیاری  و کەڵکوەرگرتنی نایاسایی لە منداڵان و هەروەها شێوەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کارکردنی منداڵان بەرز ڕادەگیرێت، کەچی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار و یونیسێف دەرخەری ئەوەن کە ساڵی ڕابردوو ١٦٠ ملیۆن منداڵی کار لە سەرتاسەری جیهان بوونیان هەبووە.

لەو ڕێژەیە کچان نزیک ٤٠ لەسەدی منداڵانی کار پێک دەهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی "ئیسنا"ی سەر بە ڕێژیمی ئێران و بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٩٩، بە هۆکارەکانی وەکوو: "دابینکردنی بژێویی ژیان، پێویستیی بنەماڵە بە کاری منداڵ، دەسپێڕانەگەیشتن بە پەروەردە و و..."، نزیک بە ٧٠ هەزار منداڵی کار لە شەقامەکانی ئێراندا هەن کە چەند کاتژمێرێک لە شەقامەکاندا دەمێننەوە.

هەروەها، ٣ لەسەدی ئەو منداڵانە شوێنێکیان بۆ خەوتن نییە و لانیکەم ١٤ لەسەدیان تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوونە و کۆمەڵێکیان بە شێوەی باند کار دەکەن.

٢١ لەسەدی منداڵانی کار لەلایەن خەڵک و پۆلیسەوە سووکایەتییان پێ دەکرێت و لێیان دەدرێت و ١.٦ لەسەدیان دەسدرێژییان دەکرێتە سەر.

بەپێی پێناسەکردنی جیهانی، "کاری منداڵ" بە کۆمەڵێک کار دەوترێت کە زیانی بۆ گەشەی جەستە و مێشک و زەین هەبێت و مەترسیی جۆراوجۆری وەک توندوتیژی، بێبەشی لە خوێندن و هاوسەرگیری لە کاتی منداڵیی بەدواوە دەبێت.