کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠ لەسەدی مەرگی کرێکاران لە کاتی کارکردن لە بەشی بیناسازیدا ڕوو دەدات

10:37 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بازڕەسی کانوونی ئەنجومەنە سێنفییەکانی کرێکارانی بیناکان، ڕایگەیاندووە، که ٥٠ لەسەدی ڕووداوەکانی کار که دەبێتە هۆی مەرگی کرێکاران له بەشی بیناسازیدا ڕوو دەدات.

عەباس شیری، بازڕەسی کانوونی ئەنجومەنە سێنفییەکانی کرێکارانی بیناکان، هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتەی بۆ لەبەرچاو نەگرتنی یاساکانی ئیمەنیی کار و نەبوونی چاوەدێرانی فەنی لە کارگەکاندا ناو بردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پێشتر شەهباز حوسێنپوور، لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ئاماری ئەو کرێکارانەی کە به هۆی ڕووداوەکانی کاتی کارکردنەوە گیانیان لەدەست داوە، زیاتر لە یەک هەزار کەس ڕاگەیاندبوو.

بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی یاسایی ڕێژیمی ئێران، تەنیا لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، زۆرتر لە یەک هەزار و ٦٠٠ کرێکار، به هۆی ڕووداوەکانی کارەوە لە شوێنی کارەکەیان گیانیان لە دەست داوە؛ ئەم ئامارە تەنیا ئاماری ئەو کەسانەیە کە به فەرمی بیمەی کاریان هەیە و ڕێژەی قوربانیانی ئەم بوارە زۆر لەوە زیاترە کە ڕاگەیەندراوە.

زۆربەی هەرە زۆری کرێکاران بەبێ بیمە و پشتیوانی یاسایی و بە کەمترین مووچەوە کار دەکەن و لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا لە کاتی کارکردندا هیچ کەس و هیچ ناوەندێک پشتیوانیان لێ ناکات.

بەرپرسانی ڕێژیم هیچ گرینگییەک به توێژی کرێکار نادات؛ هەندێک لەو کەسانە تووشی بڕینی دەماری نوخاع دەبن و بۆ هەمیشە لە جێ دەکەون و هیچ کەسیش لە بەرانبەر ئەم کارەساتانەدا بەرپرسیار نییە.