کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٥ لەسەدی ژنانی خوێندەوار بێکارن

12:21 - 29 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بێکاریی ٦٥ لەسەدیی ژنانی خوێندەواری ئەو وڵاتەی کرد.

بە وتەی کارناسێکی ئابووری و بەپێی ڕاپۆرتی ئەم دواییانەی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، لە کۆی ٩٣٢ هەزار کەس لە ژنانی بێکاری کۆمەڵگا، ٦٥ لەسەدیان خاوەن خوێندەواریی باڵان، کە نیشان دەدات بازاڕی کار هیچ بایەخێک بەو چینە نادات و کەڵکیان لێ وەرناگرێت.

ئەو کارناسە هەروەها وتوویەتی کە سەرەڕای ئەوەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، بە دانانی سەرمایە و بودجەیەکی زۆر، بە ئامانجی کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە وزەی مرۆیی بۆ هێزبەخشین بە هێزی کار ئەنجام دراوە، بەڵام ئامارەکان شایەتی ئەوەن کە بازاڕەکانی کار، بە شێوەی پێویست کەڵکیان لەو هێزە مرۆییە وەرنەگرتووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیم، زانکۆکان لە ئیراندا، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی حەشیمەتی بێکاری ئەو وڵاتە پێک دێنن کە خاوەن بڕوانامەی زانکۆن.

هەروەها، بەپێی دوائاماری بڵاوکراوەی ژووری بازرگانیی ڕێژیم، لە نێوان ٣١ پارێزگای ئێراندا، حەوت پارێزگای "سنە، چوارمەحاڵی بەختیاری، لوڕستان، خووزستان، سیستان و بەلووچستان، کۆهکیلۆییە و بۆیەرئەحمەد و گوڵستان"، لە نرخی بێکاری و هەڵاوساندا، تا کۆتایی وەرزی بەهاری ئەمساڵ، لە ئاستی ئێراندا بەرزترین پلەکانیان تۆمار کردووە.

ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕێگای زانکۆکانەوە، بە بیانووی پێدانی بڕوانامە، بۆ وەدەستهێنانی هەلی کار، پارە و سەرمایەی خەڵکی ئەو وڵاتە دەبەن و لە ئاکامیشدا بە قسەی خودی هەواڵدەری و کۆمەڵناسەکانی ئەو ڕێژیمە، ئەو بڕوانامانەی کە لە زانکۆکانی ئێراندا دەدرێت، نابنە هۆکارێک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، بەڵکوو ڕێژەیەکی زۆر لە بێکاران لەو وڵاتەدا پێک دێنێت.