کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٣ لەسەدی ژنانی خوێندەوار لە ئێراندا بێکارن

13:59 - 9 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لە بێکاریی ٦٣ لەسەدیی ژنانی خوێندەوار لە ئێراندا کرد.

"فاتمە زولقەدر"، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی ڕێژیم، وتویەتی: "لە ئێستادا ٥٣ لەسەدی خوێندکارە کچەکان لە زانکۆکاندا، لە بوارگەلی پسپۆڕیدا دەخوێنن، بەڵام مەودای نێوان گەشەی خوێندن و هەبوونی دەرفەتی کار بۆ ژنان، ئێگجار زۆرە."

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە نرخی بێکاریی ژنانی خوێندەوار، ٦٣ لەسەدە کە نرخێکی باش نییە، چونکە دەبێتە هۆی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و شکانەوەیان.

"زولقەدر" هەروەها وتوویەتی: "هێشتا نەمانتوانیوە کەڵکی مودیرییەتی لە ژنان وەربگرین و سەرەڕای ئەوەی کە لە مەجلیسدا، هەوڵێکی زۆرمان بۆ جێگیرکردنی بەرابەریی ڕەگەزی داوە، بەڵام هەتاکوو ئیستاش بە کردەیی نەکراوە."

ئەمە بەڕوونی دانپێدانانی بەرپرسانی خودی ئەو ڕێژیمەیە بە هەبوونی جیاوازیی ڕەگەزی لەنێو دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، کە هەمیشە سەبارەت بەو بابەتەیە، شایەتی نکۆڵیکردنی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەین.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ژنان وەکوو ڕەگەزی دووەم ناو لێ دەبات کە لە زۆرێک لە مافە ڕەواکانیان تەنیا بە تاوانی ژنبوون دوور دەخرێنەوە و ئەم حاڵەتەش، نیشانەی کەمبوون یان نەبوونی دێموکراسییە لەو وڵاتەدا.