کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٠ لەسەدی کارخانەکانی ئێران، پشتگیریی سڵامەتییان نییە

11:27 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بە وتەی جێگری وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم، ٧٠ لەسەدی کارخانە پیشەیییەکان لە ئێراندا، پشتگیریی سڵامەتییان نییە.

عەلیڕەزا ڕەئیسی، جێگری وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا لەگەڵ "باشگای خەبەرنگارانی جەوان" ڕایگەیاندووە: بۆ دامەزراندنی کارخانە یان یەکەیەکی پیشەیی، دەبێ لە لایەن وەزارەتی بێهداشتەوە پەسەندکراوی سڵامەت بدرێت بەو کارخانەیە، بەڵام بەداخەوە ٧٠ لەسەدی ئەو کارخانە و یەکانەی کە لە ئێراندا خەریکی کار و چالاکین، پەسەندکراوی سڵامەتییان نییە.

ناوبروا ئاماژەی بەوە کردووە، که وەرگرتنی پەسەندکراوی سڵامەت دەتوانێ لە کەمکردنەوەی پیسی هەوا کە ئاکامی هەبوونی ماشین و کارخانەکانەکانە کاریگەری زۆری هەبێت، چونکە لەو حاڵەتەیە کە ئەو بابەتە دەکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە و بۆ چارەسەرکردنی هەنگاو هەڵ دەگیردرێت.

ڕەئیسی بە ئاماژەکردن به پیسبوونی هەوا کە تێچووی زۆریشی بۆ بەشی بێهداشت و سڵامەت هەیە، باسی لەوە کردووە: کە باشترە لە جیاتی پێڕاگەیشتنی بێهداشتی به نەخۆشەکانی ئەو بوارە بیر لە کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا بکەین و بۆ چارەسەرکردنی تێبکۆشین.

قسەکانی ڕەئیسی سەبارەت بە پیسبوونی هەوا و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە حاڵێکدایە، که بەپێی قسەکانی ناوبراو، کە لە ڕێبەندانی ٩٦دا لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنادا باسی کردبوو، لە ساڵی  ٩٥ تا ٩٦ ، ٢٥ هەزار کەسی ئێرانی بە هۆی پیسبوونی هەوا و نەخۆشییەکانی پێوەندیدار گیانیان لە دەست داوە.

دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیم بە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا لە حاڵێکدایە، کە سەرەڕای هەبوون و زەق بوونەوەشیان هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنیان نادرێت و ڕۆژانە بە دەیان کەس بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دەدەن.