کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠ لەسەدی کانگاکانی ئێران داخراون

12:55 - 24 خەزەڵوەر 2720

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە نیوەی کانگاکانی ئێران بە هۆکارگەلی جیاوازەوە داخراون، هەروەها هیوایان بەستووە بە سەرمایەدانانی دەرەکی بۆ گەشەی کانگاکان.

"بەهرام شەکووری" سەرۆکی کۆمیسیۆنی کانگا و بەرهەمە کانزاییەکانی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران، ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر وتوویەتی: "٥٠ لەسەدی کانگاکان بە هۆکاری جیاوازەوە داخراون، بەشێک بەهۆی ماڵیات و سیاسەتدانانی هەڵە، سەرچاوەی ماڵیی بەرتەسک و نەبوونی دەسمایە یان نەبوونی توانا بۆ کڕینی کەرەستە و ماشینی تایبەت و بەشێکیش دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی فرۆش کە ئەو کێشەگەلە بووەتە هۆکار تا ٥٠ لەسەدی کانگاکان دابخرێت".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو مۆڵەتانەی کە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی کانگاکان دراون بەنیسبەت پانتایی وڵاتەوە تەنیا ٥ لەسەدە و ئەگەر ئێمە بتوانین مۆڵەتی ٩٥ لەسەدەکەی دیکە وەرگرین یارمەتی دەدات کە تەنانەت چەند ئەوەندەی داهاتی نەوت داهاتی کانگاییمان هەبێت.

نزیکەی ٧ لەسەدی پاشەکەوتە کانگاییەکانی جیهان لە ئێراندایە. کانگاکانی ئێران خاوەنی ٦٨ جۆر مادەی نانەوتیی کانزایین کە لە ڕووی فراوانییەوە لەنێوان ١٥ وڵاتی یەکەمی جیهاندایە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەرهەمهێنانی کانگایی، تەنیا ٠.٦ لەسەد لە بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی ئێران پێک دێنێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە قسەکانیدا هیوای بە هاتنە سەر کاری "جۆ بایدن" وەک سەرکۆماری نوێی ئامریکا بەستووە کە بگەڕێتەوە بەرجام و زۆرینەی وڵاتە ئورووپاییەکان و وڵاتانی تر سەرمایەکانیان لە بەشی کانگای ئێران دانێن.