کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٠ لەسەدی کرێکاران لە ئێراندا بیمەیان نییە

16:32 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە ڕێژەی ئەو کرێکارانەی کە بیمەیان نییە و گرێبەستی کاتییان هەیە ٩٠ لەسەدە.

عەبدولڕەزاعەزیزی، ئەندامی کۆمیسیونی کۆمەڵایەتی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیلنا، وتوویەتی: ٩٠ لەسەدی کرێکاران لە ئێراندا بە گرێبەستی کاتیی دامەزراون و بیمەشیان نییە.

عەزیزی بە ئاماژە بەوەیکە دەوڵەت بوێری باشتر کردنی دۆخی کار و پێشکەش کردنی گەڵاڵە بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستە کاتییەکانی نییە، وتی: تا کاتێک ئەو گرێبەستە کاتییانە لە وڵاتدا باو بێت، خاوەنکاران بە باشی حەقی بیمەی کرێکارەکان نادەن و بیمە نەکردنەوەی کرێکارەکان درێژەی ئەبێت.

بیمە نەبوونی کرێکاران و هەبوونی گرێبەستی کاتیی لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم لە ماوەی ئەم ساڵانەی ڕابردوودا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی یاساییەوە، گرێبەستی کاتی کار قەدەغە دەکات. نەبوونی بیمە و هەبوونی گرێبەستە کاتییەکان بۆ کرێکاران گرینگترین هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لە ئێرانە.

کرێکاران لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا، لەهەمبەر ناڕازی بوون بە دۆخی نالەباری ژیانی کرێکاریی خۆیان، مووچەی دواکەوتوو، حەقی بیمەی نەدراو و هەروەها گرێبەستە کاتییەکان بە بەردەوامی ناڕەزایەتی دەرئەبڕن؛ نمونەی بەرچاوی ئەو ناڕەزایەتییانەش، کرێکارانی هەفت تەپە و فوولادی ئەهوازە کە  لە سەر داوا ڕەواکانی خۆیان پێداگرن و تاکوو ئێستا هیج پاشەکشەیەکیان لە داخوازەکانی خۆیان نەکردووە.