کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠ لەسەدی کرێکارانی بیناسازی لە ئێراندا بێکارن

11:41 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: جێگری سەرۆکی کانوونی کرێکارانی بیناسازیی ئێران، ڕایگەیاند، کە ٦٠ لەسەدی کرێکارانی بیناسازی لە ئێستادا بێکارن.

"هادی ساداتی"، جێگری سەرۆکی کانوونی کرێکارانی بیناسازیی ئێران، لەم بارەوە وتوویەتی: "ئەڵبەت ئەم بێکارییە تەنیا پەیوەندیی بە ئێستاوە نییە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی بێکاریی کرێکارانی بیناسازی زۆر لە سەرەوە بووە و لە ساڵی ٩٧دا بە چوونەسەرەوەی نرخی کەلوپەلی بیناسازی ئەم بێکارییە پەرەی سەند و لە ئێستایشدا درێژەی هەیە".

ئامارەکان باس لەوە دەکەن، کە بەشی بینا، ٢٥ لەسەدی داهاتی ناپەتیی میللیی لە ئێراندا دەگرێتە خۆی؛ بەڵام سەرەڕای چوونەسەرەوەی ٨٠ لەسەدیی نرخی بینا لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، بێکاربوونی کرێکاران بەردەوامە.

به هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، پێشگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران و کشانەوەی کۆمپانیاکان لە ئێران، ئابووریی ئێران تووشی داڕمان بووە و ساڵی ٩٨ ساڵێکی خراپ بۆ ئەم وڵاتە وەسف کراوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش خۆیان دانیان بەوە داناوە، کە ئەمساڵ گوشارێکی زۆریان لەسەرە.

هەروەها نزیکەی ٢ میلیون و ٢٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی لە ئێراندا بوونی هەیە و کرێکارانی بیناسازی، زیاتر لە هەموو کرێکارانی دیکە لە ئێراندا تووشی بێکاری و ڕووداوی کار دەبن و زۆرترین ئاماری قوربانیانی ڕووداوی کار، کرێکارانی بیناسازی لەبەر دەگرێت.

وێڕای بێکاری و ڕووداوی کار کە بەردەوام هەڕەشە لەم چینە دەکات، سەدان هەزار کەسیشیان لە خەدەماتی دەرمانی و بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بێبەشن.