کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧ لەسەدی کرێکارانی شارەداریی تاران گومانی تووشبوون بە کۆرۆنایان لەسەرە

12:09 - 18 بانەمەڕ 2720

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، گومان دەکرێت کە ١٧ لەسەدی کرێکارانی شارەداریی تاران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێتن.

 ٤٤ کەس لە کرێکارانی شارەداریی تاران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و دوو هەزار و ٦١٠ کرێکاری دیکە گومانی تووشبوونیان لەسەرە کە ئەمەش دەکاتە ١٧ لەسەدی هەموو کرێکارانی شارەداریی تاران.

ئەمە لە حاڵیکدایە کە ''موحسێن هاشمی''، سەرۆکی شورای شاری تاران و شوراکانی دیکە  ئاگاداری دۆخەکە هەن و لە چوون بۆ سەر کارەکانیان خۆیان دەبوێرن، بەڵام کرێکارەکان ناچارن و دەبێ کار بکەن.

کرێکارانی شارەدارییەکان لە ئێران، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی، لەوانە دەستەوانە، دەمامک و گیراوەی دژەگەند، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، بەڵام ئەو ناڕەزایەتییانە و داواکاریی کرێکاران لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە پشتگوێ خراوە.

بەهۆی گرانی و هەڵاوسان لە بازاڕەکانی ئێران و داخستنی دووکان و بازاڕەکان لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کرێکارەکان بە چوونە سەر کارەکانیان زەرەرمەندترین چینی کۆمەڵگان و لەلایەک هەژاری و لەلایەکی دیکەوە کۆرۆنا هەڕەشەی جیددییە بۆ سەر ژیانیان.