کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەر جەستەی بریندارەکانی شاری دووما، ئاسەواری ژاری کیمیایی بیندراوە

18:23 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لەشساغی جیهانی ڕایگەیاندووە، کە پاش پشکنینی بریندارەکانی شاری دوومای سووریە، لەسەر جەستەی ٥٠٠ لەو بریندارانە ئاسەواری ژاری کیمیایی بەرچاو کەوتووە.

ڕێکخراوی لەشساغی جیهانی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە، کە ٥٠٠ کەس لە بریندارەکان بە هۆی کاریگەری هێرشە کیمیاوییەکەی سپای پاسدارانی ئێران و بەشار ئەسەد بۆ سەر شاری دووما، لەژێر چاوەدێری پزشکیدان.

ڕۆژی شەممە هێرشێکی کیمیایی لە لایەن سپای بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی کرایە سەر شاری دووما کە لە کۆنترۆڵی هێزە دژبەرەکانی بەشار ئەسەدە.

ڕیکخراوی لەشساغی جیهانی وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشە، ئاشکرای کردووە، کە ٥٠٠ کەس لە بریندارەکانی ئەو شارە بە هۆی هەڵمژینی گازی کیمیایی بریندار بوون.

دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، پاش ئەو هێرشە کیمیایییە و کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی بێتاوانی سووریە، خەریکی خۆڕێکخستن و ئامادەکارین بۆ هێرش کردنە سەر سووریە و سزادانی بەشار ئەسەد.

پێشتر فەڕانسە بەشار ئەسەدی ئاگادار کردبووەوە، کە لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەمبەر دژبەرەکانی، ڕاستەوخۆ هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە.