کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەر ناوچەیەکی سووریە لەنێوان ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران شەڕی سارد هاتووەتە ئاراوە

12:34 - 29 رێبەندان 2721

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی و وەفاداربوونی دانیشتوانی ناوچەی ناسراو بە "حەوت گوند" لە ڕۆژهەڵاتی "فوڕات" به شێوەیەک شەڕی سارد لەنێوان ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

ئەو ناوچە پێکهاتووە لە حەوت گوند بە ناوەکانی "حەتلە، مەرات، مەزلووم، خەشام، ئەلتابییە، ئەلساڵحییە و ئەلحوسێینییە"؛ پێشتر ئەو حەوت گوندە لەژێر چاودێریی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک "SDF" دابووە  و بە پشتیوانی ئامریکا کۆنترۆڵ کراوە.

بەپێی ئەو دامەزراوەیە فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران مانگی ڕابردوو بۆ پێکەوەلکاندنی ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان لە ڕۆژاوای "فوڕات" لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی چۆمەکە پردێکیان دروست کردووە.

دروستکردنی ئەو پردە بووەتە هۆی ئەوەیکه ڕووسیەی تووڕە ببێت و بۆ ڕاکیشانی خەڵک جلوبەرگی بە ئاڵای ڕووسیە و سووریە بەسەر خەڵکی ئەو حەوت گوندەدا بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها ڕێژیمی ئێرانیش خۆراک و جلوبەرگی بەسەردا دابەش کردوون.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران هەژاری بەرۆکی گرتوون و بەو هۆیە خەڵک خەریکن منداڵەکانیان دەفرۆشن.

لەو پەیوەندییەدا دامەزراوەی "چاودێری مافی مرۆڤ" بڵاوی کردووەتەوە درێژەی شەڕی ساردی نێوان ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران کە دوو هاوپەیمانی "بەشار ئەسەد" لە سەرتاسەری "سووریە"ن و هەر دووکیان بۆ بردنەوەی شەڕ و کۆنترۆڵی تەوای ئەو وڵاتە دەست لە هیچ هەوڵ و کردەوەیەک ناپارێزن.