کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەر هاتنە خوارەوەی بەرهەمی نەوت لە ''ئۆپێک'' ڕێککەوتن کرا

13:00 - 22 خاکەلێوه 2720

''ئۆپێک'' و وڵاتانی هاوپەیمان لەسەر هاتنە خوارەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕێک کەوتن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ''ئۆپێک'' و وڵاتانی هاوپەیمان بە ڕێبەریی ڕووسیە ڕێک کەوتوون کە ڕۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزێنن.

هەروەها ''ڕویتێرز'' ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەرەنتینەی زیاتر لە نیوەی خەڵکی جیهان، بەرهەمهێنانی نزیک بە ٣٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژدا کەم بووەتەوە.

هەروەها چاوەڕوانیی ئەوە ناکرێت کە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانی، هۆکاری چوونە سەرەوەی بەهای نەوت بێت.

لە سەرەتای ساڵدا بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی ''بێرێنت'' ٧٠ دۆلار بووە، بەڵام لە درێژەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و سەرنەکەوتنی ''ئۆپێک'' و وڵاتانی هاوپەیمان لە کەمکردنەوەی نەوتدا بەهای هەر بەرمیلێک بۆ ٢٠ دۆلار دابەزی.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ''بیژەن زەنگەنە''، وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ''ئۆپێک'' و وڵاتە هاوپەیمانەکان نزیک بە ٢٢ لەسەد کەم دەبێتەوە کە بەرابەرە لەگەڵ ١٠ تا ١١ ملیۆن بەرمیل لە مانگەکانی بانەمەڕ و جۆزەرداندا.

''زەنگەنە'' باسی لەوە کردووە کە وڵاتانی ''ئێران، وێنێزۆئێلا و لیبی'' لەو ڕێکەوتنەدا بەشدار نین.

پێشتریش ئەو سێ وڵاتە لە ڕێکەوتننامەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ''ئۆپێکـ''ـدا چاوپۆشییان لێ کرابوو.