کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەر کڕین و فرۆشتنی دراو، ماڵیات دانرا

12:08 - 18 سەرماوەز 2721

ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە چالاکانی بازاڕی دراو، لەسەر کڕین و فرۆشتنی دراو ماڵیاتی دانا.

ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کورتهێنانی بودجە بەرەوڕووە و دەیەوێت بودجەی خۆی لە گیرفانی خەڵکی بێداهاتی ئێران و کوردستان دابین بکات و لە نوێترین هەوڵیشدا لەسەر کڕین و فرۆشتنی دراو ماڵیات دادەنێت.

لە ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتیی ڕێژیمی ئێراندا هاتووە: "هەموو کڕیاران و فرۆشیارانی دراو ئاگادار دەکەینەوە کە بەپێی یاساکانی ماڵیاتە ڕاستەوخۆکان، لەسەر کڕین و فرۆشتنی دراو ماڵیات دادەنرێت و هەموو کەسانی چالاک لەم بەشەدا، دەبێ ناو بنووسن و ماڵیاتی دیاریکراو بدەن".

لەم پەیوەندییەدا ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەز، ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتیی ڕێژیمی ئێران لە دەستوورێکدا بۆ زێڕفرۆشەکان داوای کرد کە هەتا ٩ لەسەد ماڵیات لە کڕیاران بستێنن.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵێک ماڵیاتی بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و کەمیی فرۆشی نەوت بەسەر خەڵکدا سەپاندووە؛ یەک لەوان ماڵیات لەسەر "سکە"یە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە شێوەی لەناکاو بەرز بووەتەوە.

دەوڵەتی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' لە هەوڵدایە بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو، داهاتی ماڵیاتی دەوڵەت ٤٤ لەسەد بەرز بکاتەوە.