کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەر گوشارە ئابوورییەکان بەرپرسانی ڕێژیم هەر کامەیان لێدوانێک دەدەن

11:44 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە پێکهاتەکەی لە کەسانی ناشارەزا و گوێڕایەڵ پێک هاتووە، لە کاتی تەنگانەدا، هەر کامەیان قسەیەک دەکەن.

بە هۆی ئەو گوشارە ئابوورییانە کە تەنگیان بە ڕێژیمی ئێران هەڵچنیوە، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە جیاتی بیرێک بۆ چارەسەریی کێشەکان، هەر کامەیان کێشە و گرفتەکان دەخەنە ئەستۆی شت یان کەسانێک و خۆیان لە هەڵەکان بەری دەکەن.

بەپێی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)ی سەر بە ڕێژیم، محەممەدڕەزا نەقدی، جێگری فەرهەنگیی کۆمەڵایەتیی سپای پاسداران، وتوویەتی: "کێشە ئابوورییەکان کە ئەمڕۆ لەگەڵی بەرەوڕووین، ئاسانترین کێشەگەلێکن کە لە ماوەی ساڵانی پاش ئینقلاب هەمانبووە و بە پشتبەستن بە دەفرایەتییە نیوخۆیییەکان چارەسەر کراون، بەڵام کێشەکانی خەڵک بەرهەمی هەڵبژاردنی نادروستی خۆیان و ناکارامەییی کەسانێکە کە خۆیان هەڵیان بژاردوون".

قسەکانی نەقدی لە حاڵێکدایە، کە مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندان، لە دانیشتنی شۆرای ئیداری پارێزگای شیراز لە پێوەندی لەگەڵ کێشە ئابوورییەکانی ئێران وتوویەتی: "هێندێ کەس و لایەنی سیاسی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەمارۆوەکان هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە، بەڵکوو نەبوونی بەڕێوەبەریی هۆکاری کێشە ئابوورییەکانە".

بە وتەی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم، دوژمنانی ئەو ڕێژیمە بە دوای پێکهێنانی بەستێنی بێهیوایی و پشتێکردنی خەڵکی ئێران لە بەرپرسانن و گەمارۆوەکان شوێندانەریی بەرچاویان لەسەر کێشەکانی ئێستەدا هەیە.

ئەگەرچی هۆکاری ڕاستەقینەی کێشە و گوشارە ئابورییەکانی خەڵکی ئێران، بەگشتی لە زاری بەرپرسانی ڕێژیمی بە شێوە ناڕاستەخۆ دەبیسرێت، بەڵام ئەوەی کە هەر کامەیان لێدوانێک دەدەن، زیاتر بۆ چەواشەکردن و سەرلێشێوانی خەڵکی بەزاڵەهاتووی ئێرانە، دەنا پێکهاتەی ئەو ڕێژیمە پێکهاتەیەکی دێموکراتیک نییە کە سادقانە دان بە کێشەکانی خۆیاندا بنێن.