کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە هوشدار بە زیندانیانی ئاسایی ورمێ دەدرێت

17:01 - 31 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لانیکەم سێ زیندانیی ئاساییان بانگهێشتی دەفتەری حیفازەت ئیتلاعاتی ئەو زیندانە کردووە و سەبارەت بە پەیوەندیی و تێکڵاوبوون لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکان هۆشداریان پێ‌داون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێ سێ زیندانییان بە تاوانی پەیوەندیی و تێکەڵاوبوون لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بانگهێشت کردووە و هۆشداریان پێ‌داون لە ئەگەری هەر چەشنە پەیوەندییەک یان تێکەڵاوبوونێک لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکان، تووشی سزا دەبن.

مەتین خزری، حوسێن ئەحمەدپوور و هوشەنگ پیرزادگان ناوی ئەو سێ زیندانیەیە کە بانگهێشتی حیفازەت ئیتلاعاتی زیندان کراون.

ئەو زیندانییانە لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی زیندانی شاری ورمێەوە بێڕێزییان پێ‌کراوە و پێیان ڕاگەیەندراوە کە؛ لە ئەگەری دووبارە بوونەوە و بەردەوام بوونی پەیوەندیی گرتنیان لەگەڵ زیندانییە سیاسیەکان، لەگەڵ سزای توند بەرەوڕوو دەبنەوە.

پێشتریش بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێ بۆ بێڕێزی کردن بە زیندانییە سیاسیەکان، بەندی زیندانییەکانیان لە یەکتر جیا نەکردبووەوە و بەو هۆیەوە زیندانییەکان لە ناو خۆیاندا تووشی شەڕ و کێشە ببوون.