ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن بەشی ڕاهێنانی هێزی ١١٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیا سەرکەشەکان، ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی گەلەکەمان بەتایبەت شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە دەستی پێ کرد.
دواتر "قانع حاجی ئەحمەدی" فەرماندەی هێزی ١١٥ پەیامێکی بۆ ١٠ی خاکەلێوە پێشکەش کرد.
لەو پەیامەدا هاتبوو کە ٧٥ ساڵ لەمەوپێش، لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦دا، "پێشەوا قازی محەممەد" و هاوڕێیانی لە "چوارچرای" شاری "مهاباد" لە سێدارە دران و هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕۆژەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر کرد و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا ڕێز لە سەرجەم شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان دەگیردرێت.
هەروەها ئێمە وەکوو میراتگری ڕاستەقینەی کۆمار شانازیی ئەوەمان پێ بەخشراوە کە لە سەنگەری ڕێبەران و هاوڕێیانی شەهیدمان تا وەدیهاتنی ئامانجە نەتەوایەتییەکانمان تێکۆشان بکەین.
ئێمە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان و نەوەی نوێ ئەرکمانە سەنگەری شەهیدان هەردەم ئاوەدان ڕابگرین و تۆڵەی خوێنی بەناحەق ڕژاوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بکەینەوە.
لە بەشی کۆتایی ئەو پەیامەدا هاتووە: "ئێمە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕۆژی شەهیداندا بەڵێن دەدەین بە خەڵکی خۆشەویستی خۆرهەڵات و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کە لە سەنگەری ڕاسانەوە تا وەدیهێنانی ئامانجی شەهیدانمان کۆڵ نادەین و درێژەدەری ڕێگایان دەبین".
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا لەوحی ڕێزلێنان پێشکەشی "عومەر فەرهوودی" برای یەکێک لە شەهیدانی کوردستان کرا.
بەرزڕاگرتنی ئەو یادە مەزنە، بە سروودی "ئەی شەهیدان" کۆتایی پێ هات .