کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەندەن کۆمپانیاییەکی دروستکردنی بۆمبی ڕێژیمی ئێرانی دۆزییەوە

11:29 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی بریتانیا، دەستی بەسەر کارگەیەکی نهێنی دروستکردنی بۆمب لەم وڵاتەدا گرتووە، کە چەند تۆن مەوادی تەقینەوەی تێدا ئەنبار کرابوو.

بەپێی هەواڵێکی بڵاوکراوە لە ڕۆژنامەی بریتانی "تێلێگراف"، پۆلیسی وڵاتی بریتانیا دەستی بەسەر کارگایەکی نهێنی دروستکردنی بۆمبی سەربە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا گرتووە و چەند تیرۆریستێکیشی لەم پەیوەندییەدا دەسبەسەر کردووە.

لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی "تێلێگرافـ"دا هاتووە، هێزە ئەمنییەتییەکانی بریتانیا بە نزیکەی سێ تۆن مادەی نیتراتی ئامۆنیۆمیان لە ئەنباری ئەم کارگەیەدا دۆزیوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی قسەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، حیزبوڵڵای لوبنانیش لەم کارگەیەدا پشکی هەبووە.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و کارمەندی باڵوێزخانەکانی لە وڵاتانی ئورووپایی بە تۆمەتی تێوەگلان و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی دەر کراون.

ئەم ڕووداوە، بۆ ساڵی ٢٠١٥ی زایینی واتا ٤ ساڵ پێش دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا ئەو هەواڵە بڵاو کراوەتەوە.

پەردەپۆشکردنی ئەو دۆسییە تێرۆریستییە لە کاتی وتووێژەکانی بەرجامدا بووە، بۆیە دەوڵەتی بریتانیا هیچ هەواڵێکی لێ بڵاو نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجام تووشی کێشە نەبێت.

لەو پێوەندییەدا دەوڵەتی ئۆتریش بە هۆی پێوەندیی بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی پەردەپۆش کرد و تێرۆریستانی ئەو  کردەوەیە لە لایەن دەوڵەتی ئۆتریشەوە ئازاد کران.

هاوکات لە کاتی تێرۆری میکۆنۆسدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدا بوو، هەتا دەوڵەتی ئاڵمان بخاتە ژیر کاریگەریی خۆییەوە و ئەو تێرۆرەش پەردەپۆش بکات، بەڵام دەوڵەتی ئاڵمان تەسلیمی ویستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبوو و ئەو ڕێژیمەی وەکوو تێرۆریزمی نێودەوڵەتی مەحکووم کرد.