کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوان تاڵبان و هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران شەڕ و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە

12:22 - 11 سەرماوەز 2721

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەز لە سنوورەکانی نێوان سیستان و بەلووچستان لە ئێران و ویلایەتی نیمرووز لە ئەفغانستان، شەڕ لەنێوان تاڵبان و هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران ڕووی دا.

هەواڵدەرییەکانی ئەفغانستان دەڵێن: "سێ بنکەی سەربازیی ئێران لەلایەن تاڵبانەوە کۆنترۆڵ کراوە"، بەڵام هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەم هەواڵە ڕەت دەکەنەوە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، دەیان ڤیدیۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان تاڵبان و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری نێوان هەر دوو وڵات بڵاو کرایەوە کە لە چەکی سووک و قورس کەڵک وەرگیراوە.

''سەعید خەتیب زادە'' وەتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ئەو تێکهەڵچوونەی بۆ کێشە سنوورییەکانی نێوان ئەو کەسانەی کە لە نزیک سنوورەکان نیشتەجێن، گەڕاندووەتەوە.

تاڵبان بەرپرسیاریەتیی ئەو شەڕەی وەئەستۆ گرتووە، بەڵام میدیاکانی ڕێژیمی ئێران وتوویانە ئەو شەڕە لەنێوان کەسانی چەکدار و هێزە سنوورییەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

هەواڵدەریی ''تولوعـ''ـی ئەفغانستان لە زاری جێگری وتەبێژی تاڵبان ''بیلال کەریمـ''ـەوە ڕووداوەکەی پشتڕاست کردەوە.