کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس بەردەوامە

11:53 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس لە کوردستان لە لایەن هەندێ کەس و لایەنەوە لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت، کە چالاکانی ژینگەپارێز بە بەردەوامی خەریکی چاندنی بەڕوون و لە هەوڵی پاراستنی ژینگە کوردستانن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە ژینگەی کوردستان و هەروەها دارستانەکانی زاگرۆس، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەنێوبردنی دارستانەکان پەرەی ئەستاندووە و لە زۆربەی شوێنەکاندا دارەکانی زاگرۆس دەبڕدرێنەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دارستانی گوندەکانی باشماخ، ولەژێر و باڵەک سەر بە شاری مەریوان و ڕێگای مەریوان ـ سەقز و هەروەها شوێنەکانی دیکەی کوردستان لە لایەن هەندێ کەس و لایەنی هەلپەرەستەوە، دراونەتە بەر تەور و خەریکی لەنێوچوونیانن.

ماوەیەک پیش ئێستا، هەندێک لە دارەکان کە مۆڵەتی بڕینەوەیان هەبوو، پاش بڕینەوە دەگوازرانەوە بۆ کارخانەی سازکردنی کاغەز لە باکوووری ئێران و ئێستا جگە لەو دارانە نۆرە گەیشتووەتە داری دارستانەکان وەکوو: دارە بی، بەڕوو و مازوو کە دەگوازرێنەوە بۆ کارخانەی بڕینەوەی دار.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ژینگەی زاگرۆس، بوونی دارستانەکان و چەم و کانییاوەکانە کە بە بڕینەوەی دارەکان ئەم تایبەتمەندییە دەکەوێتە مەترسییەوە.

بڕینەوەی ئەم دارانە لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت، کە زۆربەی چالاکانی ژینگەپارێزی بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر و فەرهەنگسازی لە نێو خەڵکدا لە هەوڵی ئەوەدان کە بە چاندنی بەڕوو، دارستانەکانی کوردستان بپارێزن.

بڕینەوەی دارەکانی زاگرۆس و گواستنەوەیان بۆ شارەکانی دیکە، جۆرێک لە قاچاخکردنی ئەم دارانەیە کە ڕووی لە زیادبوونە و ئیدارەی جەنگەڵبانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان و لە ژێر دەسەڵات و هێژموونیی ڕێژیمی ئێراندا، لەم بارەوە ڕێگە خۆشکەرە و لە جیاتی بەرگریکردن لەم کارە، دەرفەتی باشتر دروست دەکات.