کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس چوونەتە قوناغێکی نوێیەوە

13:05 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان، لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە چووتە قوناغێکی نوێیەوە و ‌ڕووی لە پەرەسەندە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەرکاری خۆیەوە و دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بە هۆی جیاوازی بیروڕای خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕێژیم و ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمە شانۆییەکەی ڕێژیمی ئیسلامی، خومەینی وەکوو ڕێبەری ئەو ڕێژیمە فتوای جیهادی بۆ سەر نەتەوەی کورد و کاولکاریی کوردستان دەرکرد و وێڕای تێپەڕبوونی چل ساڵ لەو بڕیارە، تاکوو ئێستاش بەردەوامە و ڕێژیم لە هیچ کارێکی دڕندانە و نامرۆڤانە سڵ ناکات، بەداخەوە هەندێک فریخواردووش لە کوردستاندا کەوتوونەتە داوی ڕێژیمەوە و وەکوو بەکرێگیراو بۆ زۆربەی ئامانجەکانی خۆیان بەکاریان دەهێنن.

ڕێژیم لە نوێترین ‌پیلانی خۆی لە کوردستاندا، جیا لە بەکرێگیراوانی سیخوڕ و چەکدارە تێرۆریستییەکانی خۆی، بەکرێگیراوی تایبەت، بۆ کاولکاری و تاڵانی ژینگە کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس بکار دێنێت و لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانییەوە پیلانی کاولکاریی سروشتی کوردستان جێبەجێ دەکات.

لەم پەیوەندییەدا و لە قوناغی نوێی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ کاولکاریی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان، بەکرێگیراوانی تایبەت بۆ لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس، لە شاری مەهاباد، دارستانەکانی دەوربەری ئەو شارەیان بە زیندوویی و نەبڕدراوی ئاگر تێبەر داوە و بنی دارەکانیان سووتاندووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەریوانەوە ڕایگەیاندووە، کەسانێکی گومانلێکراو، دارستانەکانی ناوچەکە دەبڕن یان لە ڕیشەوە هەڵیان دەکێشن و شوێنی دارستانەکان دەکەنە زەویی کشتوکاڵی و مەزرای خۆیان و ڕێژیمیش بە ئاسانی تاپۆ و بەڵگەی پێیان داوە.

لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگی ساڵی نوێی هەتاویدا، ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ڕێگای هێزە تێرۆریستییەکان، دامودەگاز سەرکوتکەرەکان و بەکرێگیراوانی خۆیەوە لە کاولکاریی، تاڵان، بڕینی دارستانەکانی زاگرۆس، وێرانکردنی سروشت و ئاگرتێبەردانی ژینگە، لێڕەوار، لەوەڕگە و تەنانەت مەزرای خەڵکی کوردستانیش هیچ دەستپارێزییەکی نەکردووە و ئەمەش لە ئێستادا چووەتە قوناغێکی نوێیەوە.

سەرەڕای ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک لەم بارەوە و بڵاوبوونەوە و ئاشکراکردنی ئەو پیلانەی ڕێژیم لە کوردستان و باسکردنی لە ناوەندە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا، بەداخەوە تاکوو ئێستا هیچ ڕێکخراو و دامەزراوەیەکی نێونەتەوەیی و بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر ئەم هەوڵە نامرۆڤانانەی ڕێژیم هەڵویستییان نەگرتووە.