کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی دارستانەکانی مەریوان لەلایەن هەلپەرستانەوە بەردەوامە

19:30 - 12 خاکەلێوه 2720

بەپێی ئەو وێنانەی کە لەلایەن خەڵک و ئەنجومەنی ''سەوزی چیا''ی مەریوانەوە بڵاو کراوەتەوە، بەشێک لە دارستانی گوندی ''گوێزە کوێرە'' و دەوروبەری ''بەهەشت موستەفا''ی ئەو شارە، لەلایەن کەسانی هەلپەرست و دوژمنانی ژینگەوە بڕدراون.

لە چەند حەوتووی ڕابردوو لە گوندەکانی: ''نەچێ، نێ، ڕەشەدێ، قوڵقوڵە، سێف، پێڵە، سەڵەسی و شاسوار''، سەر بە مەریوان، دوژمنانی ژینگە و نیشتمان بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان کردووە بە بڕین و لەنێوبردنی دار و دارستانەکان.

کەسانی هەلپەرست و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی کاولکاری، دار بەڕووەکانی کوردستان دەبڕن و بۆ دروستکردنی خەڵووز بەکاری دێنن و زۆر جاریش بۆ فرۆشتن ڕەوانەی شارەکانی دیکەی ئێرانی دەکەن.

هەندێک جاریش لەلایەن هاووڵاتییانی نائاگا یان کەسانی سەر بە ڕێژیمەوە، ئەم دارستانانە بۆ دروستکردنی باخ لەنێو دەبرێن.

ئەم کارەساتە ژینگەییە نیگەرانیی خەڵکی ژینگەپارێزی مەریوان و کوردستانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم وەک هەمیشە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.