کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی دارستانەکانی کوردستان پەرەی سەندووە

17:01 - 8 رێبەندان 2719

لە چەند گوندی مەریوان، کۆمەڵێکی زۆر لە داری دارستانەکان لەلایەن کەسانی بەرژەوەندیخواز و دوژمنی ژینگە و نیشتمانەوە بڕدراون و بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران نێردراون.

بەپێی هەواڵگەلێک کە "ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان بڵاوی کردووەتەوە، داری دارستانەکانی گوندی "دووپلوورە" سەر بە ناوچەی "سەرشیو"ی مەریوان لەلایەن کەسانێکی بەرژەوەندیخوازەوە بڕدراون و بۆ کارخانەکانی باکووری ئێران نێردراون.

ژینگەپارێزانی مەریوان لەو بارەوە هۆشداریی بەو کەسانە داوە کە دەست لە کاولکردنی ژینگەی کوردستان هەڵبگرن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، داری دارستانەکانی چەند گوندی تری مەریوان بە ناوەکانی: "گوێزە کوێرە، وشکێن، ئێنگیجە و لەنجاوا"، بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن کەسانی دژە ژینگەوە بڕدراون.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لەلایەن کەسانی بەرژەوەندیخوازەوە کە زۆربەشیان مۆرەی سەر بە ڕێژیمن، بە شێوازی جیاواز لەنێو براون.

بڕین و گواستنەوەی دارەکانی کوردستان، ئاگردانی لێڕەوار و لەوەڕگەکان، پیسکردنی ژینگە و سروشت، هەوڵگەلێکن کە نەیارانی ژینگە و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەچڕی کردوویانەتە پیشەی خۆیان.