کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەوڵاتی ئۆردۆن تۆڕێکی سیخوری سەر بە سوپای پاسداران هەڵوەشێندرایەوە

15:52 - 15 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: دەزگا ئەمنییەتییەکانی وڵاتی ئۆردۆن باسیان لەهەڵوەشاندنەوەی پیلانەکانی تۆڕێکی سیخوری سەر بە سوپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رۆژنامەی الرای بڵاوی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی وڵاتی ئۆردۆن توانیویانە تۆڕێکی سیخوری چەند کەسی گوردانی بەیتول‌موقەدەس دەستگیر و هەڵبوەشێنەوە.

رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە ئەو تۆڕە کە بە لقێکی سوپای پاسدارانی رێژیمی ئێران دەهاتە ئەژمار پیلانی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستیان لە ئۆردۆن هەبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە ئەندامانی تۆڕەکە دەستبەسەر و هاوکاتیش سەرجەم چەک و تەقەمەنییەکانیشیان زەوتکراوە.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە ئەو تۆرە سیخورییەی سەر بە سوپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە باکووری وڵاتی ئۆردۆن خۆیان حەشار دابوو.

رۆژنامەکە لە درێژەدا نووسیویەتی، بڕیارە ئەو تاوانبارانە کە سێ کەسن و یەکێکیان ناسنامەی عێراقی ـ نۆروێژی هەیە ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ دادگایی بکرێن.

هێزە ئەمنییەتییەکانی وڵاتی ئۆردۆن باسیان لەوە کردووە، ئەو سێ کەسە ویستوویانە بە ٤٥ کیلۆ مادەی تەقەمەنییەوە کردەوەی تیرۆریستی و خۆکوژی ئەنجام بدەن.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لەماوەی ١٠ ساڵی رابردووە هەتا ئێستا ئەو تۆرە بە گەورەترین تۆڕی سیخوری سوپای پاسداران لە ئۆردۆن دێتە ئەژمار کە ویستوویانە ٤٥ کیلۆ مادەی تەقەمەنی بتەقێنەوە.

پێشتریش وڵاتی ئۆردۆن بۆ چەندین جار سەبارەت بە کردەوەکانی ئێران و دەستێوەردانی لە کاروباری ئەو وڵاتە و وڵاتانی عەرەبی هوشداری بە بەرپرسانی ریژیمی ئێران دابوو.

هەتا ئێستا بەرپرسانی رێژیمی ئێران پەرچەکردارییان بە هەواڵی گرتنی ئەو تۆڕە سیخورییە نیشان نەداوە.