کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەوەڕگە و ژینگەی ناوچەی شامی شاروێرانی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە ئاگری تێبەردرا

17:13 - 1 گەلاوێژ 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ''شامی شاروێران'' سەر بە شاری مەهاباد لەوەڕگە و ژینگەی ئەو ناوچەی ئاگر تێبەرداوە و بەوهۆیەوە بە دەیان هێکتار لە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگەردا سووتاون.

ئەو سەرچاوەیە بە کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە کە ئەم ئاگرە بە شێوەیەک هەڵگیرسێندراوە کە لە نزیک گوندی ''داشخانە'' سەر بە ناوچەی شاروێران بەرەو گوندی ''بەفرەوان'' لە ناوچەی شاماتی مەهاباد پەرەی گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ دایە ژینگەی ئەو ناوچەیە تێک بدات و بەرەو وێرانیی ببات.

لەوڕگە و قامیشەڵانەکانی ئەو ناوچەیە شوێنی ژیانی دەیان پەلەوەر و ئاژەڵی جۆراوجۆرە و هەروەها شوێنی لەوەڕگەی مەڕ و ماڵاتی گوندەکانی ئەو ناوچەیەن.

بەپێی زانیارییەکان ئاگرەکە ئەوەندە گەوریەوە کە خەڵک لە گوندەکانی "گردیاقووب، بەفرەوان، قوڵەسەن، داشخانە و کۆنەدێ" ڕۆیشتوونە ئاگرکە بکوژێننەوە بەڵام کۆنترۆڵ نەکراوە.

بەپێی زانیارییەکان خەڵک لەبەر ئاگرەکە مەڕ و ماڵاتەکانیان لەو شوێنە دوور خستووەتەوە و بەشێکیش لە مەڕ و ماڵاتەکە بێسەروشوێنن.

هاوکات بەرازەکانی نێو ئەو قۆپییە بەهۆی ئاگرکە پەرتەوازە بوونە و ژینگەکەیان لەنێو چووە.

هەروەها چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە ناوچەی شاروێران دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی تەقاندنەوەی کانگا لە نزیک تاڵاوی ''کانی بەرازان'' خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو شوێنە گەیاندووە.