کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات و ترس لە خۆپیشاندانی خەڵک، تەرمی شەهید "موختار خەندانی" بە شەو نێژرا

12:57 - 9 پووشپەڕ 2720

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات و لە ترسی خۆپیشاندان و هاتنەسەر شەقامی خەڵکی پاوە و ناوچەکانی دەوروبەری، تەرمی شەهید "موختار خەندانی" شەهیدی ژینگەپارێز، بە شەو نێژرا.

بە وتەی خەڵکی "پاوە"، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بنەماڵەی شەهیدانی ژینگەپارێز، بەتایبەت بنەماڵەی شەهید "موختار"یان خسووتوەتە ژێر گوشار و هەڕەشەیان کردووە کە دەبێ پێش لە دەرکەوتنی خۆر تەرمی شەهید "موختار" بنێژرێت.

بە وتەی خەڵکی "پاوە"، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە تەرمی شەهید "موختار" لە پزیشکی دادوەریی پاوەوە ڕەوانەی "نەوسوود" کراوە و لە شوێنی لەدایکبوونی خۆی ئەسپەردە کراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی بەشکۆی خەڵکی پاوە و ناوچەکانی دەوروبەری لە کاتی گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدان ترسیان لێ نیشتووە و لە ئاکامدا بۆ پێشگرتن لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی خەڵک لە کاتی ناشتنی تەرمی شەهیداندا، تەرمی شەهید "موختار"یان بە شەو ناشتووە.

ئەو هەوڵە ترسەنۆکانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی  شاری پاوەی لێکەوتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەر، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی"، وتەبێژ و ئەندامی هەیئەتی دامەزرێنەران و ئەندامی کۆمیتەی قەیرانی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، "بیلال ئەمینی" و "یاسین کەریمی"، لە ئاگرەکانی ناوچەی مەرەخێڵ و بۆزینی پاوە گیانیان لەدەست دا.