کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماتەمینی تێکڕووخان

10:10 - 17 بەفرانبار 2719

سۆران شەمسی

بە ئاوڕدانەوەی دەیەکانی ڕابردوو، سپای تیرۆریستیی پاسداران بەرچاوترین گرووپی تیرۆریستیی جیهان بووە. هەڵبەت کردەوە تیرۆریستییەکانی لە زۆربەی شوێنەکانی ئەم جیهانە بوون و هەن و دەشبن، بەڵام سپای تیرۆریستیی پاسداران شێوەیەکی تایبەت لە تیرۆریزمە. چونکە تیرۆری نەتەنیا لە سنوورەکانی خۆی و دراوسێکانی پەرە پێداوە، بەڵکوو بۆ هەڕەشە لە دراوسێکانی هەروەها بۆ هەڕەشە لە وڵاتانی زۆر دوور کەڵکی لێوەردەگرێت، سپای تیرۆریستیی پاسداران وەکوو باسکی کردەوەیی نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ماوەی تێپەڕبوونی چل ساڵی ڕابردوو لە سەرکوتکردنی جیابیران و نەیارانی هەروەها بۆ سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەرانی نێوخۆ و وڵاتانی تر ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

بەپێی هەموو بەڵگەکانی بەردەست حاشاکردن و چاوپۆشی لەو ڕاستییە کە ئەو هێزە چەندە ئەرکێکی تێکدەرانەی هەبووە لە ناوچەکەدا، بۆ کەس شاراوە نییە و ناتوانن حاشای لێ بکەن کە لە بست بە بستی گۆی ئەم زەوینە کردەوەیەکی تیرۆریستی نییە کە سپای پاسداران ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە کەڵکوەرگرتن لە دارودەستەی خۆی لە هەموو جیهان دەستی تێیدا نەبێت.

سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری لە هەڕەشە لە سەر ئاشتەوایی جیهان هەیە و بووەتە هۆی نەمانی ئارامی و تێکدانی ئارامی نەک تەنیا بۆ گەلانی نێو چوارچێوەی ئێران، بەڵکوو بۆ خەڵکانی ناوچەکە و هەموو جیهانیش، هەوڵە بەرفراوانەکانی کە بۆ لەناوبردن و سڕینەوە کراوە، ئەگەرچی بە تەواوی نەگەیشتووەتە کۆتایی، بەڵام بووەتە هۆی ئەوەی کە گرووپە تیرۆریستییەکان لەناو بچن یان پەرتەوازە بن.

هەموو کەس هەست بە مەترسی تیرۆریزم دەکات، پێویست ناکات کۆمەڵناسیت خوێندبێت یان ئاگادارییەکی زۆرت هەبێت لەسەر کۆمەڵگا، کاتێک سپای تیرۆریستی پاسداران داهاتێکی زۆر وەدەست دێنێت و بە کردەوە ڕێکخراوێکی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی پێکهێناوە، مەترسییەکی گەورەیە بەگشتی بۆ سەر هەموو جیهان و بەتایبەتی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی خۆی .

تیرۆریزم ڕاستەوخۆ وێڕای نەیارانی خۆی شەڕ ناکات، بۆ شەڕیش لە مکانیزمێکی یاسایی کەڵک وەرناگرێت، نە بەشداری سیاسەت دەکات و نە بەشداری دەکات لە شەڕی سەربازیی، بەڵکوو تێدەکۆشێت ترس و دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی زێدەتر بکات، کردنە ئامانجی سڤیلەکان، ژنان و منداڵان مەترسیدارترین و قێزەونانەترین ئامرازن کە ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن.

ئەمڕۆ خۆش دەماخین و دەبێت خۆش دەماخ بین کە سپای تیرۆریستیی پاسداران لە ناوچەکەدا هێزی ڕابردووی نییە و وا وێناچێت لە داهاتوویەکی نزیکیشدا ئاگاداری هێزگرتنەوەی ئەو هێزە تیرۆریستییە بین.

کاتێک دڵ و مێشک و تێفکرینی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەناودەچێت، تیرۆریزم شێوەی ڕێکخراوەیی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کۆمەڵێک کردەوە و تێفکرینی  سەرلێشێواو، تازە کەسێک بەرپرسیارەتی ئەو ڕێکخراوەیەی لە ئەستۆ نامێنێت یان ئەگەر بەرپرسێکیش هەبێت کە جێگرەوەی ئەوی پێشوو بێت، جڵەوی کردارەکانی لەدەستدا نابێت و زۆر لاواز دەبێت، تیرۆریزمێک کە سەریان پان کردبێتەوە دەبێتە کۆمەڵەیەکی (headless) بێ سەر و بێ ناوەند و بێ ئامانج کە بە تیرۆرکردن تەنیا و تەنیا ویستوویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێت.

تێرۆریزمی بێ سەر  (headless Terrorism) مەحکوم بە نەمان و لەبەین چوونە، مێژوو زۆر جاران ئەم شێوە کردەوانەی بینیوە و لەناوچوونی ئەم گرووپانەشی بینیوە، بەڵام ئەم لەناوچوونە زۆر بە ئەسپایی دەبێت و نابێت چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێت کە لەناکاو بێت.

کوژرانی قاسم سلێمانی لە بەغدا دەنگدانەوە و هەڵوێستی جۆراوجۆری لە ئێران و لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش بەدوای خۆیدا هێناوە، هەڵوێستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی تا ئێستا لەلایەک ترسان لەو گۆڕانکارییانەیە کە لە ناوچەکە دەکرێن و لەلایەکی تر هەڕەشەی بەرفراوانکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی و بشێوینانەوەی زۆرتر لە ناوچەکەدا بووە، ئەمڕۆ ڕێژیمی ئیسلامی بە خستنە بەرباسی ئەوەی کە قاسم سلێمانی لە چەککردنی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش جێگای دیارە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەوە دەڵێ کە ڕێژیمی ئیسلامی توانای ئەوەی هەیە جارێکی تر داعش و گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان بێنێتەوە نێو کایە سیاسییەکانی خۆی و پێشیان ئازاد کات بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانیان و ناوچەکە بۆ جارێکی تر لەو هێمنایەتییە کەمەی کە هەیەتی بێنێتە دەر و بەرەو نائارامی بباتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامی سێ ڕۆژ ماتەمینەی گشتی ڕاگەیاندووە، بەڵام کوژرانی قاسم سلێمانی بە مانای ڕووخانی کۆڵەکەیەکی گرینگی ڕێژیمی ئیسلامییە و ئەوە بۆ گەلانی ئێران زۆر دڵخۆشکەرە.

لێگەڕێن با ڕێژیمی ئیسلامی ماتەمین بگێڕێت بۆ تێکڕووخانی هەموو بوونی خۆی، چونکە خەڵکانی ئێران بە زوویی ئەم کەلاکە بۆگەنەی لەگۆڕ دەنێن.

ئێران، خۆرهەڵاتی ناوراست و جیهان بەگشتی بێ ڕێژیمی ئیسلامی بە دڵنیاییەوە جێگایەکی زۆر ئەمینتر دەبێت بۆ ژیان و ئێستا بە هەبوونی ئەم کەشە سیاسییە هەڵسوکەوتی دواڕۆژی گرووپە سیاسییە جۆراوجۆرەکان لەهەمبەر گۆڕینی ڕێژیمی ئێران جێگای سرنجە.

 توندبوونی هەڵسوکەوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەهەمبەر سەرهەڵدانەکانی خەڵک و کۆمەڵگاکان لە ناوچەکەدا لە بەرانبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لەوانەیە ببێتە دەسپێکێک بۆ گۆڕانکاری لە ئاست دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە (ڕێژیمی ئێران) و کەمکردنەوەی هێزی ڕێژیم و ناردنەوەی بۆ سەر سنوورەکانی خۆی بەدوادا بێت.

جارێ بارودۆخەکە یەکجار ناڕوونە و دەبێت ڕاوەستین و ببینین خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لای دەوریەکی نوێی ڕووداوەکان و پێکدادانی سەربازیی دەڕوات، یا نزیکبوونەوەی بەرانبەر بە یەکی ئێران و ئامریکا تا پێکەوەنووسان و هەڵسەنگاندن لەهەمبەر زۆرینەی هێز بەرهەمێکی تری دەبێت و بارودۆخەکە دیسان دەباتەوە بۆ لای ململانێیەکی تر لەلایان ئەو دوو وڵاتەوە.

 ڕێژیمی پەت و سێدارەی ئیسلامی گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی خۆی، گۆڕبەگۆڕبوونی تیرۆریستی پاسدار قاسم سلێمانی، بەو مانایە دێت کە زەنگەکان بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێژیمە دژەمرۆڤایەتییە وەلێدان کەوتوون.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.