کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماددە سڕکەرەکان ڕۆژانە گیانی بەکارهێنەرانی دەستێنێت

12:10 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکانی خودی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژانە ٨ کەس بە هۆی بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەری ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا گیانیان لە دەست ئەدەن .

هەواڵدەریی "ئیسنا" لە زاری "تەقی ڕۆستەموەندی"، سەرۆکی ڕێکخراوی کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێرانەوە، بڵاوی کردووەتەوە کە بە هۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا، ڕۆژانە ٨ کەس گیانیان لە دەست دەدەن؛ ناوبراو هۆکاری بەکارهێنانەکەشی بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی گەڕاندووەتەوە.

ڕۆستەموەندی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی پووشپەڕ، لە کۆبوونەوەی شۆرای ئیداریی کرماندا وتوویەتی: باس و بابەتی کۆمەڵایەتی، هەموو کۆمەڵگا بە هەموو لایەنەکانیەوە دەگرێتەوە و دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ کردەوە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکان لە کۆمەڵگادا.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەی کە لە هەموو شوێنێکدا کێشەی کۆمەڵایەتی، کێشەی ئەخلاقی و بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان بوونی هەیە، دانی بەوەدا ناوە کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە ئێران بە گشتی و لە ناوچە پەراوێزنشینەکاندا بەتایبەتی، هەموو ئەم کێشە و گرفتانە ڕووی لە زیاد بوون کردووە و هەر بەم هۆیەشەوە بینەری گیان لەدەستدانی هاوڵاتیان دەبین.

باس کردن لەم کێشەیە و هەروەها خستنەڕووی ئامارێکی دوور لە ڕاستیی لەم چەشنە لە لایەن ئەم بەرپرسەی ڕێژیمەوە لە کاتێکدایە کە ئێران خۆی وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ری مادده‌ سڕکەرەکانە و ٧٠٠ جۆر ماددەی سڕکەر لەو وڵاتەدا بەرهەم دێت.

وڵاتی ئێران بە گەورەترین شوێنی تڕانزیتی ماددە سڕکەرەکان لە جیهاندا ناسراوە و یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین بەکارهێنەری ماددە سڕکەرەکانی تێدایە.