کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماریجوانا بۆ سه‌رداخستنی لاوان لە سنە

18:13 - 23 خەرمانان 2720

ئاویه‌ر سنه‌یی

ماریجوانا کە بە ناوی "گوڵ" یش بەناوبانگە، ورووژێنەری ڕەوانە، زۆرتر بۆ خۆشی و بەکەیف بوون بەکار دەهێنرێت. مرۆڤ دەهێنێتە پێکەنین و ڕادەی خواردنی بەرز دەکاتەوە. ئەو حاڵەتانە تەنیا چەند حاڵەتێکی دیارن و ئەم ماددە هۆشبەرە ئاسەوارگەلێکی ئێگجار زۆری هەیە لەسەر جەستە و ڕۆحی مرۆڤ کە لە داهاتوویەکی دوەر دەردەکەوێت.

بەکارهێنانی ئەو ماددەیە لە چەندین وەڵاتی دنیادا سزای لەسەر نییە و خەڵک بەدڵی خۆیان دەتوانن بەکاری بهێنن؛ بەڵام لە ئێراندا وا نییە و بەکارهێنانی ماریجوانا سزای لەسەرە. "گوڵ" زۆرتر لەنێوان گەنجانی چینی دەوڵەمەنددا بەکار دەبرێت و خوازیاری زۆرە، بەڵام نزیک بە دوو ساڵە کە "گوڵ" بەرەو کوردستانیش ڕەوانە بووە و هێدی هێدی گەنجانێکی زۆری بەخۆیەوە پلکاندووە.

زۆرترین بەکارهێنەری "گوڵ" لە کوردستان بەرەی خوێندکارانی زانکۆ و هونەرمەندانی لاو، چ کچ و چ کوڕن کە بە شێوەیەکی ترسناک گیرۆدەی ئەو ماددە سەرمەستکەرەن و بە هەر شێوەیەک هەوڵ دەدەن پارەی کڕینی دەست بخەن و بەکۆمەڵ زۆرتر دەیکێشن و پاشان دونیای تەژی لە ڕەنج و بێپارەیی و کەم و کورتییان لەبیر دەکەن و بە شێوەیەکی دەستکرد بەڕووی دونیادا پێدەکەنن. ماریجوانا تەوژمی خوێن و شەکر لە خوێندا دادەبەزێنێت، هەروەها سییەکان تووشی چڵک و کۆکاندن دەکات و مێشکی مرۆڤ تەنبەڵ دەکات و هێدی هێدی بەکاربەری ماریجوانا گێل دەبێت و بەرانبەر بە ڕووداوەکانی دەوروبەری سڕ و وڕ دەبێت و هەڵسوکەوتێکی ژیرانەی لێ زەوت دەکرێت.

پرسیار لێرەدایە کە چیرۆکی کشتوکاڵی ماریجوانا لە کوردستان، بەتایبەت لە شاری سنە چییە؟

ڕادەی بێکاری و هەژاریی خەڵک لە سنەدا ئێگجار زۆرە و لەگەڵ ئەوەشدا کە سنە شوێنگەی کۆبوونه‌وه‌ی خەڵکانی هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و جێگای بەرزترین هەڵسوکەوتە سیاسی و فەرهەنگییەکانیشە، بەڵام خەڵکی ئەم شارە کەم پارە و بێکارن. زۆرترین چەپۆکەی بێپارەییش لە سەر سەری گەنجی سنەییدایە.

خوێندکاری زانکۆ پاش تەواوکردنی خوێدن، بێکار و بێپارە یان ناچارە لە دوای ئیش و کاردا بڕواتە تاران یان لەنێو شاردا لە دنیایەکی خوڵەمێشی و سارد و خەمیندا بسووڕێتەوە و بەردەوام تووشی نێهێلیزم ببێت. لەم چەند ساڵەی دواییدا لە کاتی دەنگهەڵهێنان و ڕێپێوان و مانگرتن ئەو گەنجانە ڕۆڵێکی باشیان بووە و ڕێژیمیان چاک ترساندووە. چونکە ڕێژیم چاکی لێ دەزانێت کە لە کاتی ئاژاوە سیاسییەکاندا بە قسەی "مارکس" ئەو گەنجە بێکار و دلێرانە هیچیان نییە لەدەستی بدەن جگە لە زنجیرەکانی دەست و قاچیان.

کەوایە ڕێژیم بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆناوچۆن بتوانێت مەترسیی ئەو گەنجە خوێندەوار و شۆڕشگێڕ و خاون بیر و ڕووناکبیرانە بخاتە داو و هاتووە لە ڕێی کوشتن و بڕین و هەڕەشە گەنجی کوردی چەوساندووەتەوە، بەڵام لە دەرەنجامدا دوژمنی زۆرتری بۆ خۆی هێناوەتە مەیدان و قەت نەیتوانیوە گەنجی کورد ببەزێنێت. کەوایە دەبێ ڕێکارێکی تر بدۆزێتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێی "گوڵـ"ـەوە کە زۆربەی خەڵک لە مەترسییەکانی بێ ئاگان، ڕێگری لە بزووتنەوەی کوڕ و کچی کورد بکات.

لەلایەکی ترەوە "گوڵ" ماددەیەکی شیک و دەوڵەمەندانەیە و بۆ کڕینی دەبێ پارەی زۆرت هەبێت، بەڵام لە کوردستان خەڵک کەم پارەن و بەتایبەت لە سنە کێشەی ژیان بێداد دەکات، کەوایە هەندێک بەکرێگیراوی ڕێژیم دێنە هانای حکوومەت و لە باخ و باخچەکانی دەوروبەری سنە "گوڵ" دەچێنن و به‌بێ ترس ماریجوانا بە پارەی کەمتر و لە ڕادەیەکی بەرفراوانتر دەنێرنە نێو بەرەی خوێندکار و هونەرمەند و ڕووناکبیر و خەڵکی پێ فێر دەکەن. تەنانەت هەندێکیان لە کەناری چەم و چۆڵیشدا ماریجوانا دەچێنن و لە کاتی پێگەیشتنیدا دەینێرنە نێوان خەڵک و سوودەکەی دەخەنە گیرفانیانەوە.

ئایا ئەوە ڕێکارێکی باش نییە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی کورد و گێلاندنی مێشکی جەوانەکانی گەلی کورد و خنکاندنی دەنگی کورد؟ بەداخەوە کە مەترسیدارترین ڕێگایە... گەلی کورد بەتایبەت دایک و باوکانی ڕۆڵە گەنجەکانی کوردستان دەبێ زۆر ئاگاداری ئەو ماددە هۆشبەرە بن کە خەریکە تانوپۆی گەنجەکان دەجوێت و مێشکیان دەگەوجێنێت و وایان لێ دەکات بەرانبەر بە هەموو غەدرێک سەر دابنوێنن و بێخەیاڵ سه‌ر دابخه‌ن و ئاگایان لە هیچ نەمێنێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.