کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماسییەکانی گۆلی زرێبار بەهۆی کەمیی ئۆکسیژێن لە ئاودا لەنێو چوونە

12:51 - 9 خەرمانان 2720

بۆ ماوەی چوارەمین ساڵە کە ماسییەکانی گۆلی زرێبار لە وەرزی هاویندا لەنێو دەچن و زیانێکی زۆر بەر گیانلەبەرانی ئەو گۆلە دەکەوێت.

سەرۆکی ئیدارەی ژینگەپارێزیی ڕێژیم لە مەریوان لەبارەی هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکانی گۆلی زرێبار وتوویەتی، ئەو ماسییانە بەهۆی بەرزبوونەوەی چالاکیی پلانکتۆنی، قەوزەکانی نێو ئاو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمیی ئۆکسیژێن لە ئاودا لەنێو چوونە.

هەروەها بەهۆی ئەوەیکە کود و ماددەی کیمیایی دەڕژێتە نێو ئاوی زرێبار قەوزە لە ئاوەکەدا زۆر دەبێت و ماسییەکانی لەنێو دەچن و ژینگەکەی مەترسیی لەسەرە.

لەو پێوەندییەدا کۆتایی وەرزی بەهاری ئەمساڵ ماسییەکانی ڕووباری "قەرەسوو" لە کرماشان بە هۆکارێکی نادیار لەنێو چوون. دواتر دەرکەوت ڕژانی فازڵاو و ئاوی پیس بۆ نێو ئەو ڕووبارە، هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکانی قەرەسوو بووە.