کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماشینی ئێعدامی ڕێژیم لە مانگی ڕەمەزانیشدا گیانی خەڵک دەستێنێت

13:30 - 9 بانەمەڕ 2720

ماشێنی ئێعدامی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرجەم یاسا ئەخلاقییەکانی تێپەڕاندووە و تەنانەت لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیشدا کە باوەڕمەندانی ئایینی ئیسلام خوازیاری ئاشتی و تەبایین، بەردەوامە لە لەسێدارەدان.

پاش تێپەڕینی یەک مانگ لە ناڕەزایەتییەکانی بەندکراوەکانی بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران و هەڵاتنی چەندین بەندکراو، ڕێژیم چەند کەس لەو بەندکراوانەی لەسێدارە دا کە پاش ئەو ڕووداوە دیسان ماشینی ئێعدامی ڕێژیم دەستی بە لەسێدارەدانی پشت سەر یەک کرد.

پاش لە هەڵاتنی "مستەفا سەلیمی" و چەند بەندکراوێکی دیکە لەو بەندیخانەیە، ڕێژیم جارێکی تر ئەو بەندکراوەی پاش هەڵاتن دەسبەسەر کرد و لە ئەنجامدا لە سێدارەی دا و دوابەدوای ئەو لەسێدارەدانە، هەر ڕۆژە ڕێژیم چەندین کەس لە شارەکانی کوردستان و ئێران لەسێدارە دەدات.

ئەو ئێعدامانە تا ئاستێک بەردەوام بووە کە ڕێژیم لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا کە هەرچەشنە سزادانێک لەبەر ڕێزدانان بۆ ئەو مانگە کە پەیڕەوانی ئەو ئایینە باوەڕیان پێیە و ڕێژیمی ئێرانیش خۆی بە وڵاتێکی ئیسلامی ناو لێ دەبات دەبێ ڕابگیردرێت، بەڵام ڕێژیم لە کوردستاندا ڕێزی بۆ باوەڕەکانی خەڵک دانەناوە.

پاش تێپەڕینی ٥ ڕۆژ لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لە دەستپێکی ئەو مانگەوە تا ئەوڕۆ، سێشەممە ٩ی بانەمەڕ، ٤ کەس لە کوردستان لەسێدارە دراون کە بریتین لە: "کەیوان ئەڵڵامورادی، زورار پەیغامی، یاسر ڕەسووڵی و فایەق شەریفی" کە بەتاوانی کوشتنی بەئەنقەست بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

هەروەها لە زیندانی سنە بە زیندانییانی تاوانبار بە کوشتنی بەئەنقەست وتراوە کە یان ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکان وەربگرن یان لەسێدارە دەدرێن.