کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی دێموکراتیکی نەتەوەیی و قرتاندنی دەستی تاڵان

10:59 - 15 جۆزەردان 2722

سندووس

کوردستانی داگیرکراو وەک وڵاتێکی خاون سامانی ژێرزەوینی، هەمیشە جێی‌ تەماحی دەستی ڕەشی دەسەڵاتدارانی ناوەندخواز بووە و لە ڕێگەی تووندوتیژی و بە بیانووی جیابوونەوە، بە هێزێکی زۆری نیزامی، میلیتاریزە کراوە تا بە خەیاڵی خۆیان بیری شۆڕشگێڕانەی نەتەوەیی سڕ و ڕێگەی بەتاڵانبردنی سامانە سروشتی و ژێرزەوییەکانیش هەموار بکەن. ڕێژیمی ئاخوندی لە تاڵان و دزیدا سەرکەوتوو بووە بەڵام هیچکات نەیتوانیوە بەسەر ئیرادەی پۆڵایین و لەشکاننەهاتووی شۆڕشگێڕانی کورددا سەرکەوێت.

داستانی تاڵانکردنی کوردستانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە بست‌بەبستی ئەم وڵاتەی بە هێزی بەکرێگیراو تەنیوە و وەک داگیرکەرێک چاو لەم وڵاتە دەکات. سروشتییە سیستمێکی داگیرکەر خۆی بە خاوەنی ئەم وڵاتە نازانێ، کەوابوو بەزەیی بە دار و بەردەکەشی نایەتەوە و بەتاڵانی دەبات. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوان دەبێ ڕۆژێک کوردستان بەجێ بهێڵن و بکشێنەوە نێو جەغزی بۆگەنی فکر و ڕەفتارە پاشڤەخوازانەکانی خۆیانەوە.

ئێمە بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین لاپەڕەکان هەڵدەدرێنەوە و گەلی کورد کە وزەیەکی لەناخاهەڵگری بیری ئازادیخوازانەی هەیە سیستمێکی دێموکراتیک دادەمەزرێنێ و شانبەشانی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە تاڵانکراوەکەی تێدەکۆشێت.

دەسەڵاتی ئاخوندی سەلماندوویەتی کە لە هەر شوێنێک بخوێنێ، کوندەبووئاسا دەیکاتە وێرانە، بەڵام دیسانیش ئێرە کوردستانە و ناتوانن بە کەیفی خۆیان ئەسپەکانیان لینگ بدەن، ترسێکی خەستوخۆڵی دەروونی خەوی لەچاوی داگیرکەرانی تاران زڕاندووە و باش دەزانن دەرگای ئازادی سەرانسەری ئێران بە کوردستاندا دەکرێتەوە. بەڵام کوردوتەنی: "ئەوەی لەسەر سەبرانە، لەسەر خێرانە".

ڕێژیمی ئاخوندی لە باكووره‌وه‌ تا باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاووڕووتی کردووە، وڵاتی بەرەو وێرانی بردووە، ئێستا با بزانین لەلایەی سەرووی دەسەڵاتەوە چاویان زیاتر لە کامە بەشی تاڵانی کوردستان بڕیوە، تا سوودی زیاتریان بەرکەوێ؟

 

لە کێڵگەکانی نەوت و گازی "کرماشان" و "ئیلام"، تا سەرچاوە زوڵاڵەکانی ئاوی ڕشتەکێوەکانی زاگڕۆس، داری لێڕەوارەکان، کانگای بەرد، ئاسن، زێڕ، تێکدانی جوانی ئێکۆلۆژیی تاڵاو و گۆلاوەکان و شوێنەوارە مێژووییەکانی باب و باپیرانمان، گشتییان دەستی ڕەش و چەپەڵی داگیرکاریی تێکەوتووە و بە تاڵان براون! ئەمانە سامانی ماددی و مەعنەوی نەتەوەی کوردن کە هەموو ڕۆژێ بە بەرچاوی خۆیەوە دەدزرێن و داهاتەکەی گیرفانی زەبەلاحی گرووپێکی پاوانخوازی ئاژاوەگێڕی مافیایی پڕ دەکات. پشکی خاوەندارەکەشی تێکچوونی ژینگە، پیسیی ‌کەشوهەوا و لەبارچوونی زێدی باب و باپیرانییەتی و بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی دەبێ کۆڵبەری بکات و سینگ بداتە بەر گوللەی بەکرێگیراوانی داگیرکەرەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئاخوندی، دوو پارێزگای سنە و ورمێ خاوەن کانگایەکی زۆری زێڕن، زێڕ بەلای گشت ئابووریناسانەوە، یەکێک لە پڕبایەخترین کانە سروشتییەکانە کە لەمێژساڵە هەم وەک پشتیوانەی دراوی دەوڵەتان دێتە ئەژمار و هەم لە ئەگەری جوان مودیرییەت‌کردنیدا، دەتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەر لە ئاوەدانی و سەر و سامانی وڵاتدا بگێڕێ. لە دونیای کۆنیشدا وڵاتیک بە ساماندار دەژمێردرا کە توانیبای بڕێکی زۆر زێڕ پاشەکەوت بکات، دیارە ئێستاش هیچ تاکێک لە کۆمەڵگادا بوونی نییە کە هەستی بە پڕبایەخبوونی ئەم دیاردە سروشتییە نەکردبێت.

بەپێی داتاکان، ٩٠ لەسەدی زێڕی ئێران لە دوو پارێزگای ورمێ و سنە دەردەهێندرێت، کە بە زیاتر لە ١١ تۆن (یازدە هەزار کیلۆ)، لە ساڵدا بەراورد کراوە. کانگای زێڕی "زێڕشۆران" و "ئاغدڕە" لە تیکاب، زیاتر لە ٦ تۆن و کانگای زێڕی "زەردکێو"ی قوڕوە، لە ساڵدا زیاتر لە ۵ تۆن زێڕیان لێ‌ بەرهەم دێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان کانگای زێڕی قوروە و تیکاب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێوێنەن.

 جارێ لەبەر ناڕوونی و ڕەنگە کەمبوونی بڕی زێڕی شارەکانی "خۆی"، "سەڵماس" و "ماکۆ" لەنگەرمان لەسەر ئاماری ئەم سێ شارە نەگرتووە. بەسەرەپێیترین هەژماری بیرکاریی، داهاتی دوو شاری کوردستان واتە "قوروە" و "تیکاب"، لە ساڵدا و تەنیا لە داهاتی زێڕ، زیاتر لە ١٣ هەزار میلیارد تمەنە، داهاتێک کە دەتوانێ ژیان لە کوردستان بەگشتی بگۆڕێ و ئاسۆیەکی ڕوون بەڕووی هەژاریی لە کوردستاندا بکاتەوە.

وڵاتێکی ئاوا ساماندار، ئێستا خەڵکەکەی لە هەژاریدا دەژین و بە وتەی "ناسر هیمەتی"، بەرپرسی پێشووی بانکی ناوەندیی کۆماری ئاخوندی، خەڵکی ئەم ناوچانە لە سەرەتاییترین ئیمکاناتی ژیان، وەک ڕێگاوبانی ستاندارد و ئاوی‌ خواردنەوەی خاوێن، بێبەشن!!

بێگومان داهاتی ئەم کانگا هەرەدەوڵەمەندانە لە دژی گەلی کورد کەڵکی لێوەردەگیرێتەوە، ڕەنگە ئەوەی بمێنێتەوە بکرێتە تێچووی شەڕانگێزییەکانی ئاخوندەکان و ئامرازی خۆشبژێوی ئاغازادە و قوڵەچۆماغەکانیان.

لێرە دەردەکەوێ کە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان، لەدژی داگیرکاریی ئاخوندی و پێداگری لەسەر سیستمی فیدڕاڵی بۆ ئێران، چەندە حەکیمانە و لێپرسراوانەیە. لەم لاشەوە دەبێ بزانین ئاخوندەکان بۆچی ئاوا دڕندانە بەگژ مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورددا دەچنەوە و دژایەتی هەر جۆرە دابەشین و هاوسەنگییەکن بۆ دەسەڵاتی ئێرانی فرەنەتەوە؟ هەروەها لە زووڕناکانیان دەتوڕێنن کە ئەوانەی داوای مافی نەتەوایەتی لە چوارچێوەی ئێرانێکی فیدڕاڵدا بکەن، تەواوییەتی خاکی ئێران دەخەنە مەترسییەوە! ئەوە لەکاتێکدایە کە بە دابەشکردنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و پیادەکردنی سیستمی فیدڕاڵی، نەک هەر ئێران لەت‌لەت نابێت بگرە لە گشت بوارەکانی سیاسی، نیزامی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەوە بەهێزتر دەبێت، بەڵام ڕێگەی دزی و تاڵانکردن، لەو کەس و دەستە و تاقمانە دەبەسترێت کە لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا گەلی کورد و باقی گەلانی ئێران دەچەوسێننەوە و تەواوی سامانەکەیان بەتاڵان دەبەن و لە ئەگەری هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکیش، بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتیان دەکەن و بەگژیاندا دەچنەوە. ڕێک وەک ئەوەی لە تەمەنی پڕشوورەیی کۆماری ئاخوندیدا دیتوومانە و ئەزموونمان کردووە.