کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافیاکانی ماددە هۆشبەرەکان دەچنە نێو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمەوە

18:24 - 12 رێبەندان 2719

بەرپرسانی ڕێژیم لە ستادی بەرنگاری لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان، پشتڕاستی دەکەنەوە کە مافیاکانی ماددە هۆشبەرەکان هاتوونەتە نێو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمەوە.

"عەلی هاشمی"، بەرپرسی پێشووی ستادی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژیکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم پشتڕاستی کردووەتەوە کە مافیاکانی ماددە هۆشبەرەکان دزەیان کردووەتە نێو هەڵبژاردنەکان و سیاسەتەکانی ڕێژیمەوە.

 هاشمی وتوویەتی، مافیای ماددە هۆشبەرەکان لە هەندێک لە شارە بچووکەکاندا دەتوانن بە یەک میلیارد تمەن، نوێنەری خۆیان بنێرنە مەجلیسەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، لە مەودایەکی ٥ ساڵەدا لە ساڵی ٧٨ تا ٨٢، لە کۆی گشتیی دەستبەسەرییەکانی ماددە هۆشبەرەکاندا نزیک بە ٢ ملیۆن کەسیان، واتە نزیکەی ٣ لەسەدیان لەنێو حکوومەتدا بوونە.

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە پرۆسەی پێکهێنانی مافیای ماددە هۆشبەرەکان لەو وڵاتەدا پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و دەستکردی خودی ناوەندە دەسەڵاتدارە باڵاکانی ڕێژیمە و ئەم بابەتەش کە مافیاکان لەنێو هەڵبژاردنەکاندا نوێنەریان دەبێت، دوور لە چاوەڕوانی و بێ ئاگاداریی خۆیان نییە.