کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافیای کوود تەنگی بە وەرزێڕان هەڵچنیوە

11:30 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وەرزێڕان و نوێنەرانی شاری دێولان ڕەخنە لە گرانبوون و نەبوونی کوود بە نرخی گونجاو لە بازاڕەکاندا دەگرن.

لە دانیشتنێکی شۆرای ئیسلامیی بەشی ناوەندیی دێولاندا، بەڕێوبەری ئیدارەکان و بەخشدارانی بەشی ناوەندی، کە بۆ باس لەسەر کێشە و گرفتەکانی ئەو شارە بەڕێوە چووبوو، شۆرای ئیسلامیی ئەو بەشە ڕەخنەی توندی لە بەرێوبەری سەقەتی جەهادی کشاوەرزی ڕێژیم لەو شارەدا گرتووە.

شۆرای ئیسلامیی بەشی ناوەندیی دێولان باسی لەوە کرد، کە لە بازاڕە ڕەشەکاندا کۆگای کوود لە دەست دەڵاڵەکانە و بە نرخێکی زۆر بە خەڵکی دەفرۆشنەوە و ئەمە لە حاڵێکدایە، کە جەهادی کشاوەرزی ڕێژیم کوودی پێویست بە وەرزێڕان نادات و خەڵک ناچارن بۆ کشتوکاڵ کە پێویستی بە کوودە ڕوو بکەنە بازاڕە ڕەشەکانەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە گرتەیەک ڤیدئۆییەکدا، کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا  گەیشتبوو، خەڵکی مەهاباد ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر گرانبوونی کوودی شیمیایی دەربڕیبوو و باسیان لەوە کردبوو، جگە لە گرانبوون، ڕێژەی کوودەکانیش دابەزیوە و کەس بە هانای خەڵکەوە نایەت و دەبێت بۆ هەموو شتێک لە سەفدا ڕاوەستین.

بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا و ناکارامەییی بەڕێوەبەری وڵات و کشانەوەی کۆمپانیاکان لە ئێراندا و هەروەها مایەپووچبوونی بەرهەمە نێوخۆیییەکانی ئێران، زۆرێک لە پێداویستییەکان گران بوونە، یان بە کەمیی دەست دەکەون، کە ئەمە دۆخی ژیانی خەڵکی ناجێگیر کردووە.