ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ، مامۆستا "جافر زەلکەیی" هونەرمەندی نیشتمانپەروەری خەڵکی مەریوان، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە جادەی مەریوان ــ سنە گیانی لەدەست دا.
مامۆستا "جافر"، ساڵی ١٣٤٥ ی هەتاوی لە گوندی "زەلكە"ی سەر بە بەخشی دەرەناخێی مەریوان لە بنەماڵەیەكی هونەرمەند و خاوەن هەڵوێست چاوی بە دنیا هەڵێنا.
كاكەبرا، باوكی مامۆستا جافر پیاوێكی هێوەر و لەسەرەخۆ و خاوەن ئیرادە و ڕووخۆش بوو. هەر لەمناڵییەوە یەكەم وانەكانی ژیان و خۆشەویستیی نیشتمان و دەنگهەڵبڕینی بە کوڕەکەی نیشان دا.
مامۆستا جافر، بە بوونی دوو برا گەورەكەی خۆی چیتر خولیای هونەری مۆسیقا و بەتایبەت شمشاڵ، ئامێری ڕەسەنی كوردی بوو و بە هاوكاری و پاڵپشتیی براكانی پەرەی بە هۆنینەوەی شمشاڵ دا و بەردەوام مایەوە.
لە ئەزموونەكانی هونەرمەندانی ناوچەی مەریوان وەك "حەمەوەستای كانیسانان"، "ئەحمەد زەلکەیی"، "حەمە پیرسەفایی"، "فایەق نژماری"، "مەحموود سیاناوی" و پاشان سنوورەكان تێدەپەڕێنێ تادەگاتە خزمەتی مامۆستای پایەبەرزی گەلەكەمان "قالە مەڕە".
ئەگەرچی هەر لەسەرەتاوە كەڵكی لە كاسێتەكانی ئەو گەورە شمشاڵژەنە وەردەگرت بەڵام، خۆی نوێكردنەوە و گەشەپێدانی هونەری ژەنیاری لە خزمەتی "قادر عەبدوڵازادە"دا بۆ ئەو لە نانی شەو پێویست تر بوو.
كاك جافر بە ئەوپەڕی ئەمەگناسییەوە خۆی خزاندە نێو ئاپۆڕای هونەرمەندانەوە و كاركردن لەگەل مامۆستایانی مۆسیقا و گۆرانیبێژی ناوچەكەوە، مامۆستا "عوسمان هەورامی"، "عەینەدین"، "حەمەمەل"، "حەمە حوسێن كێمنەیی"، "عەبوو ئەسكۆڵی"، "عومەر كارێزی" تیمی هەڵپەڕكێی كوردی وەك دوانزدە سوارەی مەریوان و دواتر دوانزدە سوارەی قەڵای مەریوان و ... لە كۆڕ و كۆبوونەوە هونەری و ئەدەبییەكاندا توانایی خۆی پەرە پێدا.
جافر زەلكەیی لە چەندین كۆڕ و فستیواڵی هونەری و كولتووری لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور خەڵات كراوە و نیشان و خەڵاتی هونەریی پێ بەخشراوە.
وێڕای ژەنینی شمشاڵ، ئامێرەکانی زوڕنا و دووزەلە و باڵەبانیشی بەكار دەهێنا و دەیان ئاهەنگی كوردی داهێناوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیبـ"ـی بە شمشاڵ هۆنیوەتەوە.
مامۆستا نەك هەر هونەرەكەی خۆی نە شاردووەتەوە بەڵكوو هەوڵی داوە ئەو ئەزمونانەی خۆی بە نەسڵەكانی داهاتوو بناسێنێت. بۆیە بەدانانی فێرگەیەك لە ماڵەكەی خۆیدا دەیان گەنجی نیشتمانەكەی خۆی بە هونەری شمشاڵ ئاشنا کردووە.
تەرمی ئەو بەڕێزە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی پووشپەڕ لەسەر دەست و شانی ئاپۆڕای خەڵكی شاری مەریوان و هەوراماندا لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا وێڕای جێبەجێكردنی بابەتە ئایینیەكان، بە خوێندەوەی شیعر و پەیامی سەرەخۆشیی ڕێكخراوە مەدەنی و ئەدەبیەكاندا بەتایبەت ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان و ژەنینی چەند كۆپلەیەك شمشاڵ لەلایەن شاگردەكانییەوە، بەخاكی پیرۆزی کوردستان ئەسپەردەكرا.