کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا "عەزیز گەردی" نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد کۆچی دوایی کرد

13:51 - 16 جۆزەردان 2722

چوار ڕۆژ پێش، مامۆستا "عەزیز گەردی" نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد و دۆستی نزیکی شەهید د. "قاسملوو"، بەهۆی نەخۆشییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی هەولێر کرا و ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردان لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا عەزیز گەردی ماوەیەک تەندروستیی ناجێگیر بوو و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە.

مامۆستا عەزیز گەردی ساڵی ١٩٤٧ی زایینی لە شارۆچکەی "بەحرکە" سەر بە هەولێر لەدایک بووە. ناوبراو زیاد لە ٣٦ کتێب و بەرهەمی ئەدەبیی گرینگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەها ماوەیەک لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لە ڕێگەی بەرهەمەکانیەوە خزمەتێکی گەورەی بە زمانی کوردی کردووە.

جیا لە وەرگێڕان مامۆستا "عەزیز گەردی" چەند بەرهەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە "ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و ڕەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێک، سەروا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی".

مامۆستا "گەردی" لە بواری پەروەردە و فێرکردنیشدا ڕۆڵێکی باڵای هەبووە و چەندین ساڵ لە قوتابخانەکانی شاری هەولێر وانەی وتووەتەوە.

دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆش لە بەشی کوردیی کۆلێژی ئاداب لە هەولێر بووەتە وانەبێژ، بەڵام لەپێناو خۆتەرخانکردن بۆ وەرگێڕان دەستی لەکار کێشاوەتەوە. ساڵی ١٩٩٤ ماستەرنامە و ساڵی ١٩٩٩ دوکتوراکەی بەدەست هێناوە.

ناوبراو زمانەکانی "فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرانسەوی و ئیسپانیایی" بە باشی زانیوە.

نووسەر و وەرگێڕ "تۆفیق کەریم" لەمبارەوە وتوویەتی: "عەزیز گەردی دوو جیاوازیی لەگەڵ نووسەرانی دیکە هەیە: یەکەم، هەرگیز باسی خۆی نەکردووە و بە بێدەنگی خەریکی نووسین و وەرگێڕان بووە. دووەم، پیاوێکی گشتگیر بووە و لە زۆر بواردا نووسیویەتی، ئەمەش وای کردووە بە موسوعە وەسف بکرێت".