کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا مەلا شێخ "محەممەد ئیبراهیمی" (چۆڕی) ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:16 - 12 رەشەمه 2721

مامۆستا مەلا شێخ "محەممەد ئیبراهیمی" یەکێک لە مامۆستایانی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری کورد بەهۆی نەخۆشی لە شاری مەریوان ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا مەلا شێخ "محەممەد ئیبراهیمی" ٢ ساڵ پێش بە تۆمەتی بێڕێزی بە ڕێژیمی ئێران و پڕۆپاگەندا دژی نیزام لەلایەن ئیتلاعاتی سپا بانگهێشت کرابوو.

دۆسیەی ناوبراو دواتر بۆ دادگای تایبەتی ڕووحانیەتی هەمەدان نێردرابوو و لەلایەن لقی یەکەمی ئەو دادگایە یەک ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا کە دواتر ئەو حوکمە بەهۆی پیری و نەخۆشیی مامۆستا، بۆ سزای نەختی گۆڕدرابوو.

هەر بەپێی حوکمی ئەو دادگایە مامۆستا "ممنوع الخروج" کرا و بەپێی حوکمی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەشداری لە دانیشتن و ڕێوڕەسمەکان بێبەش کرا.

ناوبراو یەکەمین پێشنوێژی هەینیی شاری مەریوان بوو کە داوی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی لە ڕێکەوتی ٤ی خەرمانانی ١٣٥٩ی هەتاوی تا ٢ی ڕێبەندانی ١٣٦١ی هەتاوی ئەو ئەرکەی لەئەستۆ بووە.

مامۆستا بەهۆی ئەوەیکە ناورۆکی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ناسیبوو و زانیبووی کە دژی مافی نەتەوەی کورد یەکەمین مامۆستای کوردستان بوو بە فەرمی دەستی لەکاری پێشنوێژی کێشایەوە.

مامۆستا دوای ئەو بڕیارە تەنیا وەک مامۆستایەکی ئایینی تەنیا پێشنوێژی مزگەوتی "حاجی نەجیبـ"ـی کردووە.

بەهۆی ئەوەیکە دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران بووە ٥ جار دەسبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی "دژە شۆڕش و پڕۆپاگەندا دژی نیزام "دادگایی دەکرا.

ماڵی مامۆستا لەلایەن مۆرە و بەکرێگیراوەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئاگری تێبەردرا کە خۆشی چەند جێگای لە جەستەی سووتا.

ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران نەبوو و دژی ڕێژیمی خومەینی وەستایەوە.