دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەز، "جەماڵ مورادی" مامۆستای قوتابخانە، شاعیر و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی پاوە و دەڤەری هەورامان، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
"جەماڵ مورادی" مامۆستای خانەنشینکراوی قوتابخانەکانی پاوە و هەورامان، شاعیر و چالاکی مەدەنی و کەسایەتیی خۆشناو و جێگای ڕێز و متمانەی ناوچە و یەکێک لە دەنگە بمێن و ناسراوەکانی شێعری کوردیی پاوە بوو.
ناوبراو ئەندامێکی چالاکی بنکەی فەرهەنگی هونەری قەڵەمی هاوچەرخی کورد لە پاوە بوو و لە شێعردا خاوەنی ستایل و ڕێچکەی تایبەت بە خۆی بوو و شێعر و هۆنراوەکانی تەژی بوون لە هەست و سۆز و خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی.
کۆچی ناوبراو خەسارێکی گەورە بوو لە بزاوتی فەرهەنگی، ئەدەبی و ڕوشنبیریی کوردیی ناوچەی هەورامان و شاری پاوە.
تەرمی ناوبراو بە بەشداریی ئەدیبان، نووسەران و ڕێکخراوە ئەدەبییەکان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەروەها کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردستان بەگشتی و هەورامان بەتایبەتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.