کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا "ئیسماعیل ئەیووبی" ئەندامی حیزبی دێموکرات لە سنە کۆچی دوایی کرد

11:58 - 17 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەر مامۆستا "ئیسماعیل ئەیووبی" ئەندامێکی بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە نووسەرانی نەتەوەی کورد، دانیشتووی شاری سنە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"مامۆستا ئەیووبی" لە سەرەتای لاوییەتییەوە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی بەربەرەکانێی کرد و دواتر بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات خرایە بەندیخانە و یەکەم کەس بوو کە مانی لە خواردن گرتووە.

لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، پاش ئەوەی کە شۆڕش بەلاڕێدا چوو، دیسانەوە مامۆستا "ئەیووبی" بەرەی نەتەوەی هەڵبژارد و کەوتە دژایەتیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حوکمی لە سێدارەدانی بە سەردا سەپا.

ناوبراو مێژوونووسێکی بلیمەت بوو کە دەیان کتێبی لەسەر ئەم بابەتە نووسیووە و شارەزاییەکی تەواوی لەسەر مێژوو و جوغرافیای کوردستان هەبوو.

مامۆستا "ئەیووبی" دەیان بەرهەم و کتێبی هەیە کە دەتوانین ئاماژە بە "مێژووی برووسکە، کۆمەڵناسی و وڵامدانەوەیەک بە شاملوو" و دەیان نووسین لەسەر زمان و کولتووری خەڵکی کوردستان بکەین.

جیا لەوەش ناوبراو مامۆستایەکی ئایینی بوو کە لەسەر "فیقهی شافعی" لە گووندی "نییەر" پەروەردە کرابوو.

مامۆستا "ئەیووبی" مامۆستای زانکۆ بوو و بەبۆنەی مەسەلەی نەتەوایەتییەوە لەسەر کار لابراوە و وەکوو نوێنەری مامۆستایانی دەرکراوی پارێزگای سنه داکۆکی لە ماف و حقووقی  مامۆستایان دەکرد.

تەرمی ناوبراو لە زێدەکەی سنە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمییان دەزانێت.