کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستای قوتابخانە مافی ڕەوای خۆی دەوێ!

23:50 - 12 بانەمەڕ 2722

ئاسۆ مێنبەری

قوتابخانە و مامۆستا دوو ڕاستیی لێکدانەبڕاوی هەر کۆمەڵگایەکن کە هەبوون و بەردەوامبوونیان ئاراستەکەی لە کۆتاییدا خزمەت بە خەڵک و کۆمەڵگا و نیشتمانە.

پرسێکی گرینگ و جێی بایەخ کە لە وڵاتانی دیکەدا بە شێوازێکی ئەمڕۆژی و بەپێی گرینگییەکەی بایەخی پێ دەدرێت و هەموو چەشنە ئیمکانات و پێداویستییەکیشی بۆ دابین دەکرێت.

ئەمە لە وڵاتانی دواکەوتوو و بە دیاریکراوی لە کۆمەڵگای ئێراندا کە ئێستا لە ژێر چەپۆکی داگیرکاری و داپڵۆسینی ئاخوند و دامودەزگا ئیدئۆلۆژیکەکانیدایە زۆر جیاواز و جێگای تێڕامانە!

لە هەموو کۆمەڵگا ئازادەکاندا هەر چین و توێژێک مافی ئەوەیان هەیە کە بە هێمنانە بێنە سەر شەقامەکان و لەمەڕ دۆخی خراپی خۆیان جا چ لە بواری سیاسییەوە بێت یان کۆمەڵایەتی یان ئابووری و هەر بوارێکی دیکە، ناڕەزایەتی دەرببڕن و داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن.

بەڵام ئەوەی کە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا هەیە تەنانەت ئەگەر خەڵکەکە یان سێنف و گرووپە جیاوازەکان بیانهەوێ بە شێوازێکی هێمنانە و زۆر ئەمڕۆییانە بێنە سەر شەقام و داوای مافەکانیان بکەن بە دەسبەسەرکران و لێدان و بێڕێزی وڵامیان دەدرێتەوە وەک ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا بینیمان کە هێزەکانی رێژیم لە جیاتی ئەوەی کە ئەرکی هێمنی و ئاسایشی کۆمەڵگا بپارێزن چۆن دەرژێنە سەر مامۆستایان و بە خراپترین و ناشیرینترین شێوە بێڕیزییان پێ دەکەن تەنیا بەو تاوانەی کە داوای مافی خۆیان کردووە!
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان و بەپێی ڕاگەیەندراوی شۆرای هاوئاهەنگیی مامۆستایانی ئێران، مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بە هاتنە سەرشەقام داوای ویستەکانی خۆیان کرد، بەڵام ئەوەی کە لە چاوی خەڵکەوە نەشاردرایەوە، سەرکوتی دووبارە و چەندبارەی ئەم مامۆستایانە بوو.

لە شارەکانی کرماشان، سەقز، سنە، مەریوان، دێولان، ئیسلام ئابادی غەرب و هەرسین مامۆستایان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ جارێکی دیکە داوای مافەکانی خۆیان لەوانە: بەرزکردنەوەی مووچە، هاوسانسازی و هەروەها خوێندن بە زمانی دایکییان کرد کە نەک وڵامیان نەدرایەوە بەڵکوو چەندین کەسیشیان لێ دەسبەسەر کران.

بەڵام سەرکوتکاری دەتوانێ چێ لە دۆخەکە بگۆڕێ؟ 

سەرەڕای هەموو سەرکوتکارییەکان و گوشارەکان مامۆستایان لە دروشمەکانیاندا باس لە دادپەروەی و ئازادکردنی هاوپیشەکانیان دەکەن، بە دروشمەکانیان پشتیوانی لە هاوکار و هاوڕێبازەکانیان دەکەن و وێکڕا سروودی خودایە وەتەن ئاواکەی دەخوێنن تاکوو بە دوژمن بڵێن هەر ئەم نیشتمانە ئاوەدان دەکەینەوە!

ئەمە ئەو کەتوارەیە کە کۆماری ئیسلامی لێی دەترسێت. دەنگی مافخوازیی مامۆستایە کە کۆمەڵگا بە خەبەر دێنێت و هەر ئەو دەنگە مافویستەیە کە قوتابییانی ژیر و وریا و چاوکراوە دەبەخشێتە داهاتووی کۆمەڵگاکە. کەوایە ترسی ڕێژیم نەک لە ئێستا بەڵکوو لەو داهاتووەیە کە بێگومان قەت بە چاوی خۆی نایبینێ چونکە توێژی خوێندەوار و ئازا و زانای ئەم کۆمەڵگایە و لەوانەش مامۆستایان هاتوونەتە سەر شەقام و داوای مافی نەتەوەیەک دەکەن، چونکە ئەوانن کە بەشێکی سەرەکی لە بونیاتنەرانی داهاتووی نیشتمانن.

ستەم و سەرکوت و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی دوورودرێژە کە درێژەی هەیە بەڵام ئەوەی کە جێی بایەخە، وەستانەوە لە بەرانبەر ئەم ستەمەدایە کە ئەمڕۆ لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بەدی دەکرێت!

خوێندکار زانکۆ دەکاتە سەنگەری بەرخودان و مامۆستاش قوتابخانە! کرێکار دێتە سەرشەقام و بە شکاندنی بێدەنگی داوای مافی خۆی دەکات و دەخرێتە زیندانەوە، ژنان هاواری پەنگخواردووی چەندین ساڵەیان دەکەن بە دروشم و دێنە سەر شەقام و لە بەرانبەر بیری کۆنەپەرستانەدا قامەتیان دەنوێنن، هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کە بە کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمە دڕندەکەی بڵێن کە چیدیکە نامانهەوێ هەبیت، چیدیکە گوێڕایەڵی بیری چەقبەستووت نابین و لەمەوبەدوا لە بەرانبەرتدا هاوار دەکەین و مافی خۆمان دەستێنین.

بۆیە نە سەرکوت، نە دەسبەسەرکردنی مامۆستایان، نە ئازار و ئەشکەنجەی لاوان، نە پەراوێزخستنی ژنان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ناتوانێ خەڵک لە خواستە بەرهەقەکانیان پاشگەز بکاتەوە. 

مامۆستایان بە هاتنە نێو گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان، داوای مافی منداڵانی ئەم نیشتمانە بەشخوراوە دەکەن، داوای دەرفەتی یەکسان بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا دەکەن و دەیانهەوێ بڵێن کە هەبوونی هەموومان بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم گرینگ و پێویست و حاشاهەڵنەگرە. هەر بۆیە دەبێ باقی چین و توێژەکان بزانن کە مامۆستای قوتابخانە مافی ڕەوای خۆی دەوێ و پشتیوانیی خەڵک و کۆمەڵگاش دەتوانێ هەنگاوەکانیان شێلگیرتر و بە بڕشتتر بکاتەوە.