کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان بۆ ئازادی لە زیندانن!

12:17 - 25 جۆزەردان 2722

شەماڵ تەرغیبی

ئیسکەندەر لوتفی، موژگان باقری، مێهدی فەتحی، شەعبان محەممەدی، جەبار دووستی، مەسعود نیکخا، محەممەد حەبیبی، ئەسغەر ئەمیرزادگان، جەعفەر ئیبراهیمی، ڕەسووڵ بداغی، غوڵامڕەزا غوڵامی، ئەحمەد چەنگیزی، حەمید عەباسی، هالە سەفەر زادە، ئیرەج ڕەهنەما، ئیسماعیل عەبدی و بەم دواییانەش محەممەدڕەزا مورادی؛ ئەمانە بەشێکن لەو مامۆستایانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا بەدەستی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و لە چوارچێوە و لەسێبەری سیاسەتی بەناو پاراستنی ئەمنیەتی میللیی ئێران، هەنووکە لە زینداندان.

کاتژمێر ٩ی شەوی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان، محەممەدڕەزا مورادی، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سنە و کەڵاتەرزان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی محەممەدڕەزا مورادی ماڵەکەیان پشکنیوە و مۆبایلی ئەو چالاکە سێنفییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

دەسبەسەرکردنی ئەم مامۆستا کوردە لە درێژەی شەپۆلی گرتنی مامۆستایانی کورد لە ماوەکانی ڕابردوو و پاش ناڕەزایەتیدربڕینی ئەم توێژەی کۆمەڵگا هاتە ئاراوە کە تێیدا ئەوان داوای مافە سەرەتایی بەڵام پێشێلکراوەکانیان دەکرد و حکومەت هەوڵی دا ئاقاری داخوازەکان لای بیروڕای گشتی بگۆڕێت و وەها بنوێنێ کە دەستێکی دەرەکی بۆ شێواندنی "ئەمنیەتی کۆمەڵگا"ی ئێران بوونی هەیە و ئەمەش بکاتە ئامرازێکی گوشاری دیکە بۆسەر کۆمەڵگا و جۆرێک لە سازکردنی بەرەی دژ بە یەک لە نێو جڤاکدا.

بەڵام کۆماری ئیسلامی لە چی مامۆستایان دەترسێ کە وەها هیستریایی بەرەوڕوویان دەبێتەوە و نایهەوێ مانگرتن و کۆبوونەوەکانیان زیاتر پەرە بستێنێ؟ لەڕاستیدا بزاڤی مامۆستایان بزاڤێکی سێنفی و پیشەییە و بە بەشێک لە کۆمەڵەی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان دەژمێردرێ. بەپێی ئەم پێناسەیەش بێت بزاڤی کۆمەڵایەتی وەک بزاڤێکی گشتی لەخۆگری چەندین فۆرمی جیاوازی ڕێکخراوەییە کە هەوڵی وەپێشخستن، پێشگرتن یان بەراوەژووکردنەوەی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات؛ کە باس هاتە سەر کاری رێکخراوەیی، بەشێک لە وڵامی پرسیارەکەمان دەردەکەوێ، واتە کۆماری ئیسلامی پێش لە داخوازیی مامۆستایان لە کاری ڕێکخراوەیی ئەوان دەترسێ چونکە دەزانێ کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاک یان گرووپێکی ناڕازی ڕێکنەخراوی بێبەرنامە، زۆر ئاسان و کەمتێچووە بەڵام بەرەوڕووبووونەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەسێکی ڕێک خراوی خاوەن پلان و ئامانج و ستراتێژی گەلێک ئەستەم و پڕتێچووە، بۆیە هەوڵ دەدات کە وەک خۆی دەڵێ: "لە نوتفەدا خەفەی بکات!".

جیا لەم مەسەلە نابێ ئەو کەتوارەش لە بیر بکەین کە مامۆستایان لە ڕەهەندێکی دیکەشەوە شوێندانەرییان هەیە لەسەر جڤاک کە ئەویش بریتییە لەوەی ئەوان دەرچووی زانکۆن و لەباری زانستییەوە پێگەیشتوون و قسە و وتە و داواکانیان تێهەڵکێش بە لۆژیک و مەنتقی سەردەمە و خاوەنی پێوەندییەکی دینامیکی دەروەستانە لەگەڵ کۆمەڵگای خۆیانن بەتایبەت لە نێو توێژی مامناوەندی کۆمەڵگا کە وەک توێژی کاریگەر و خاوەن نفووزیش سەیر دەکرێن؛ هەر ئەمەشە کە وا دەکات ئەوان لە توانایاندا بێت شوێندانەریی لەسەر کۆمەڵگا و ئاڵوگۆڕەکانی دابنێن.

لەلایەکی تریشەوە مامۆستایان و بزاڤەکەیان توانیویانە یان دەتوانن بەستێن بۆ سەرهەڵدان و دەنگهەڵبڕینی باقی چینەکانی نێو کۆمەڵگا بخوڵقێنن جا چ بە وەرگرتنی پشتیوانی و پاڵپشتی جەماوەر بێ بۆ داواکانیان و چ بەشێوەی ڕاستەوخۆ هاندانی باقی چینەکان بۆ هاتنە سەر شەقام و خستنەڕووی ویستەکانیان.

لە هەلومەرجی ئێستەشدا کە گوشارە نێوخۆییەکان، هاوکات لەگەڵ گوشارە دەرەکییەکان، هەر جارەو بە بیانوویەک، ڕۆژێک بەهۆی گرانی بێنزین، ڕۆژێکی تر بەهۆی نەبوونی ئاو، ئەمجارەیان بەهۆی کەمی پێداویستییە ڕۆژانەکانی ژیان و ... دێنە ئاراوە، تا ڕادەیەک سروشتی دێتە بەرچاو کە ڕێژیمی فەندەمێنتاڵی کۆماری ئیسلامی کە لە غەیری زمانی چەک و گرتن و سەرکوت شتێکی تر نازانێ وەها هۆڤانە بەرەوڕووی مامۆستایان ببێتەوە کە هەم بەشێوەی ڕێکخراوەیی دەجوڵێن، هەم ویستەکانیان ڕوون و بێخەوشە و هەمیش یەکگرتووانە داواکانیان ئاراستە دەکەن.

کۆی ئەم کەتوارانەی کە باس کران یەک ئاکام و دەرنجام دەدات بە دەستەوە ئەویش ئەوەیە کە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و لەو نێوەشدا بزاڤی مامۆستایان دەتوانن لە درێژماوەدا کۆتایی بە تەمەنی پڕ لە نەهامەتی کۆماری ئیسلامی بهێنن؛ هەر بۆیە دەتوانین بڵێین مامۆستایان لە زیندانن تا ئازادی مسۆگەر بێ!