کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان لە ٦ شاری کوردستان و ئێراندا ناڕەزایەتییان دەربڕی

12:25 - 26 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: مامۆستایانی ٦ شاری ئێران لەهەمبەر ئازادنەکرانی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو و گرینگی نەدانی بەرپرسانی ڕێژیم به خواسته سێنفییەکانی مامۆستایان لە بەرانبەر بینای پەروەردەی ئەو شارانەدا کۆبوونەوە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن که مامۆستایانی شارەکانی سنه، کرماشان، ورمێ، مەریوان، ئەردەبێڵ و مەشهەد لەهەمبەر جێبەجێ نەبوونی داخوازییەکانیان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین و لە بەرانبەر بینای پەروەردەی ئەو شارانەدا کۆبوونەوە.

هۆکارەکانی ئەم کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیدەربڕینە بریتی بوون لە: باشتربوونی دۆخی ژیان، پەروەردەی خۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و کۆتاییهێنانی بەکاڵایی کردنی پەروەردە، ئازادیی بێمەرجی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو، کۆتاییهێنان به دۆسیەسازی بۆ چالاکانی سێنفی مامۆستایان، بیمه، چاوەدێریی خانەنشینکراوان بە سەر سندووقی خانەنشینکراویدا.

شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لەم پێوەندییەدا و بۆ دابینکردنی ئەم داخوازییانه لە مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەری ئەمساڵدا، مانگرتنی دوو ڕۆژەیان ڕێکخست بەڵام هیچ وڵامێک به داخوازییەکانیان نەدرایەوە.

بەوتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایان لەژێر هیڵی هەژاریدان؛ گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ٩٨، زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ٢٠ لەسەد دیاری کردووە که ئەمە وڵامدەری تێچووەکانی ژیانی مامۆستایان نییە.

مامۆستایانی ئەم ٦ شارە به بەدەستەوەگرتنی پلاکاردگەلێک به دروشمگەلی وەک : "پەروەردەی خۆڕایی مافی منداڵانی ئێرانە، پەروەردە بە زمانی دایکی مافێکی ئینسانییە و لە وڵاتێکدا کە مامۆستاکەی دەستبەسەرکراوە ئەبێ فرمێسکی خوێن بڕێژی" داواکاری جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان بوون.

مامۆستایانی مەریوان لەم ناڕەزایەتیدەربڕینەدا، ڕایانگەیاندووە کە تاکوو وڵامی داخوازییەکانیان نەگرنەوە هەر دوو حەفتە جارێک کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.