کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان لە ئێران بەنیسبەت نابەرابەری و پێشێلکردنی مافەکانیان ڕایانگەیاندووە کە مان دەگرن

12:41 - 18 سەرماوەز 2721

یەکیەتیی مامۆستایان لە ئێران لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان بە گەڵاڵەی پلەبەندی کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز لە مەجلسی ڕێژیمی ئێران پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت و بە پەسەند بگات، ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ئەو گەڵاڵەیە بە شێوەی سەقەت پەسەند بکرێت و مافی مامۆستایان دابین نەکات، مان دەگرن و کۆبوونەوەی ناڕزایەتی لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە دەبەن.

مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینکراو چەند مانگە بەنیسبەت بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندیی مامۆستایان کە کولیاتەکەی لە مەجلیسی ڕێژیم پەسەند کرا، هەروەها وێکچوویی مووچەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێویی ژیانیان دەیان جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

مامۆستایان لە ڕاستای ئەو هەموو هەڵاواردن و نابەرابەرییە لە بانگهێشتنامەیەکدا داوایان لە هەموو مامۆستایانی ئێران و کوردستان کردووە کە مان بگرن و وانە نەڵێنەوە.

شورای هاوئاهەنگیی مامۆستایان داوا لە هەموو مامۆستایان دەکات کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو ڕێکەوتی ٢٠ و ٢١ی سەرماوەز لە سەرتاسەری ئێران مان بگرن.

لەو بانگهێشنامەیەدا داوا لە مامۆستایان کراوە کە لەو ڕۆژانەدا سەرەڕای حوزوور لە قوتابخانە لە ڕۆیشتن بۆ سەر پۆلەکانی وانەوتنەوە خۆیان ببوێرن و مان بگرن و ئەو مامۆستایەنەی کە بە شێوەی ئانلاین وانە دەڵێن قوتابییان لەو دۆخە ئاگادار بکەن و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەرنامەی "شاد" دابخەن.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، گەڵاڵەی پلەبەندی لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت و بە پەسەند بگات، هەر بۆیە مامۆستایان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە بە شێوەیەکی سەقەت بێت و مافی مامۆستایان دابین نەکات، مان دەگرن و کۆبوونەوەی ناڕزایەتی لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوە دەبەن و لە داهاتووشدا بە شێوەیەکی بەرینتر درێژەی پێ دەدەن.