کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان لە ئێران و کوردستان بەهۆی دۆخی نالەباری ژیانیان هۆشدارییان داوە کە لە دەسپێکی کرانەوەی قوتابخانەکان مان دەگرن

13:25 - 13 گەلاوێژ 2721

مامۆستایەک لە شاری سنە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە کە لە بەفرانباری ساڵی ٩٩ی هەتاوی ''محەممەد باقر نەوبەخت'' جێگری سەرکۆمار و بەرپرسی ڕێکخراوی پلانداڕێژی و بودجەی ئێران دوای داواکاریی چەند ساڵەی مامۆستایان لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی پەروەردە و بار‌هێنان و ڕێکخراوی پلاندانان و بودجە نووسیبووی کە ٢١ هەتا ٢٧ لەسەد مووچەکەیان لەژێر ناوی پاداشی تایبەت زیاد بکرێت.

بەڵام دوای چەندین جار هێنان و بردنی ئەو بابەتە لە نێوان مەجلیسی ڕێژیم و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان و ڕێکخراوی بودجە، بڕیار درا کە مووچەی مامۆستایان بەرابەر بە ٨٠ لەسەدی مووچەی مامۆستایانی زانکۆی لێ بێت، بەڵام جێگری وەزارەتی پەروەردە و بار‌هێنان ئەم بابەتەی وەپشت گوێ خست.

ئەو مامۆستایە باسی لەوە کردووە کە حەوتوویەک لەمەوپێش جێگری وەزارەتی پەروەردە و بار‌هێنانی ڕێژیمی ئیران ڕایگەیاندووە کە ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ هەزار تمەن بە مووچەی مامۆستایان زیاد دەکرێت، بەڵام ئەوەش هەتا ئێستا بەکردەیی نەکراوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە کە بەهۆی دۆخی خراپی ژیانی مامۆستایان و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم، ئەنجومەنەکانی سێنفیی مامۆستایان ڕایانگەیاندووە کە لە ڕۆژانی یەکەمی مانگی ڕەزبەردا مامۆستایانی قوتابخانە لە هەموو شارەکانی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەی مانگرتن دەردەبڕن.