کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی شارەکانی کوردستان: ٢٦ی سەرماوەز هێمای خاوێنکردنەوەی خاکی کوردستان لە چەکمە‌پۆشانی ناوەندخواز و داگیرکەرانە

11:23 - 25 سەرماوەز 2720

بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی شارەکانی "سەردەشت، پیرانشار، نەغەدە و شنۆ" بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە ڕۆژژمێری خەباتی ڕزگاریخوازانەی هەر نەتەوەیەکدا هەندێک ڕۆژی تایبەتی بوونیان هەیە کە دەکرێت وەک هەوێنمایەی شانازیی ئەو نەتەوەیە سەیر بکرێن و وەک میداڵیای فەخر و شانازی بە بەرۆکی مێژووی ئەو نەتەوەیەوە هەڵبواسرێن.

گەلی کوردیش وەکوو گەلانی ‌تری ئەم جیهانەدا خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شانازییە و بە خەبات و تێکۆشانی سەختی هەمەلایەنەدا، بە هۆشیاریی نەتەوەیی ئێستای گەیشتووە.

بێگومان ئەو ئاڵوگۆڕە پەیتاپەیتایە و یەک ‌لە دوای‌ یەکانەی پاش ساڵی ‌١٣٢٠ی هەتاوی و ئەو دەرفەتەی کە بۆ ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی گەلی کورد ڕەخسا، کارێکی کرد کە چەند ساڵ دواتر ناوچەی موکریان لە چەکمەی پیسی داگیرکەران پاک بکرێتەوە و بە گرتن و خاوێنکردنەوەی دوا هێمای دەسەڵاتی ناوەندخواز و شۆڤێنیستی تاران کە شارەبانی مەهاباد بوو، بەردی بناغەی سپای نەتەوەیی کورد دابمەزرێت و بە حیکمەتی سیاسیی پێشەوای کوردان و پشتیوانیی نیزامیی سپای نەتەوەیی، لە مێژووی نەتەوەی کورددا لە بەشێکی وڵاتەکەیدا، کورد ببێتە خاوەن دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەر و تاقانە کۆماری کوردستان دابمەزرێنێت.

ڕاستە بەهۆی ژێئۆپۆلۆتیکی ناوچە و فێڵبازیی نەیاران و بەرژەوەندیی زلهێزەکان، نەیانهێشت تەمەنی کۆمار لە ١١ مانگ تێپەڕێت، بەڵام دەسکەوتە فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و نیزامییەکانی کۆمار، ئەوەندە زۆر بوون کە ڕۆڵە چاونەترس و بەئەمەگەکانی نیشتمان، ئێستاشی لەگەڵ بێت بۆ ساتێکیش بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی هیوا و ئومێدە هەمەلایەنەکانی کۆماری کوردستان، لە خەبات نەوەستاون.

٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، هێمای خاوێنکردنەوەی خاکی پیرۆزی کوردستانە لە چەکمە‌پۆشانی ناوەندخواز و داگیرکەران.

 ٧٥ ساڵ دوای تێکڕووخاندنی دەسەڵاتی ناوەندی لە کوردستان، ئێستا ڕۆڵە بەئەمەگەکانی کۆمار و پێشەوا بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و لێبڕاوانەترەوە لە بەرزترین چیاکانی کوردستان گۆڤەندی ڕزگاری دەگێڕن و سروودی سەربەستی دەچڕن، پێشمەرگە بڕیاری داوە تا خاوێنکردنەوەی بست بە بستی کوردستان و وەدەرنانی دوا چەکداری داگیرکەران لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە، لە خەبات نەوەستێت و خەونە مەزنەکانی کۆمار و پێشەوا و شەهیدانی سەرکردە و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کورد و کوردستان وەدی بێنێت.

بژی پێشمەرگە، باسکی بەهێزی گەل و یادگاری بە ئەمەگی کۆماری کوردستان

سڵاو لە ورە و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگە

سەرکەوێت خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕووخێت دەسەڵاتی داگیرکەر و ئازادیکوژی پەت و سێدارە