کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان پێشەنگی کاتە قەیراناوییەکانن و داهاتوو لەدەست ئەواندایە

11:52 - 14 رەزبەر 2720

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٥ی ئوکتۆبر ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ئەمڕۆ لە حاڵێکدا پێشوازی لە ٥ی ئۆکتۆبر (١٣ی ڕەزبەر) وەک ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان دەکەین کە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ وەک قەیرانێک دنیای مرۆڤایەتیی بەگشتی خستووەتە ژێر کارتێکەریی خۆیەوە و لەو نێوانەشدا قوتابخانە لە جەرگەی ئەو قەیرانەدا خۆی دەبینێتەوە.

دەرکەوتنی ئەو دیاردە نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراوە، بە ڕادەیەک بەرین بووەتەوە کە زۆربەی نزیک بە تەواوی حکوومەتەکانی جیهانی تووشی سەرلێشێواوی کردووە، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە ئەو دەسەڵاتانەی ڕەوایی خۆیان لە خەڵک وەردەگرن، زووتر و باشتر لەوانەی دیکە بە خۆیاندا هاتنەوە و لە ئاکامی هاوبیریی گشتی ‌و هەمەلایەنەی خۆیاندا ڕێگاچارەی گونجاویان بۆ پرسی پەروەردەی وڵاتەکەیان دۆزییەوە و توانییان تا ڕادەیەک پێش بە خەساری زیاتر بگرن.

لە بەرانبەردا، ئەو وڵاتانەی کە گوێ لە دەنگ‌ و بۆچوونی دڵسۆزان و چالاکانی گەلی خۆیان ناگرن و بۆ چارەسەریی پرسی قەیراناویی پەروەردە تەنیا فێری دەستووردانی ستوونی بوونە، هەروا لە گێژاوی بێسەرەوبەرەییدا دەسووڕێنەوە و کۆمەڵگا و قوتابخانەکانیان هەروا بەردەوام قوربانیی لێ‌ دەکەوێتەوە.

مژاری ئەمساڵی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان بریتییە لە: "مامۆستایان پێشەنگی وەختە قەیراناوییەکانن و داهاتوو لەدەست ئەواندایە". هەروەها لە درێژەدا هاتووە: "دەبێ ئەم بۆنەیە بکرێتە دەرفەتێک هەتا لەودا نرخ بۆ پیشە و کەسایەتیی مامۆستایان دابنرێت. پێویستە هەمووان بەبێ جیاوازی گوێڕایەڵی دەنگی مامۆستایان بن، چونکە جێگەی ئەوان لەنێو جەرگەی پرسی فێرکاریدایە. بۆ ئەوەی مافی فێرکاری لەژێر هەڕەشە و گوشاری نەخۆشیی گشتگیری کۆڤید-١٩ لەنێو نەچێت، دەبێ دەمودەست و لە هەر کاتێکی تر پێویستترە کە بە پیر بانگەوازی مامۆستایان و وانەبێژانەوە بچین. هەروەها لەم بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە کە مامۆستایان وەک پێشڕەو بێنە مەیدانی تێکۆشان و بە هانای چینی ناسک و هەستیاری کۆمەڵگای خۆیانەوە کە هەمان قوتابییانن بچن و درزی پرسی فێربوون بە کەمترین ڕادە بگەیەنن".

مامۆستایانی بە هەڵوێست و چاوکراوەی کوردستان!

یەکیەتییەکەمان پێی وایە کە ئەگەر بەپێی ڕێنمایی و دروشمەکانی ئەمساڵی بانگەوازی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان بووایەت، دەبا ئێوە بۆ خۆتان وەک مامۆستایانی دڵسۆز و بەئەزموون یان نوێنەرە پیشەییەکانتان وەک سەرەکیترین فاکتەری بەرچاوی داکۆکیکار لە پرسی پەروەردە و فێرکاری، بەشداری تێکڕای کوڕ و کۆبوونەوەکان بوایەن و لە نزیکەوە و بە وردبینی ئاییننامە و بڕیارەکانتان بە مەبەستی هەرچی باشتر ئیدارەکردنی قوتابخانەی ئەم سەردەمە هەستیارە چاودێری بکردایەت.

هەروەها دەبوایەت کە ڕێکار و دەنگی سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکانی سەر بە توێژی مامۆستایان وەک پێوەرێکی یاسایی و شەرعی لە بەرچاو بگیردرێن و بە "پێشەنگ" ناوزەدیان بکردایەن. کەچی مەخابن وەک دەبینین ڕاستییەکان دروست بە پێچەوانەن. دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئاخوندە دنیاپەرستەکان لە کوێ و قەبووڵکردنی چەمکی سەردەمییانەی "مامۆستای پێشەنگ" لە کوێ؟!

بە چاوخشانێک بە دۆخی ئەمڕۆی پەروەردەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تاران، ئەو ڕاستییەمان بە ساناهی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی ڕێگەی بەشداریی چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لە پرسە گرینگەکان دەگیردرێت. بەرپرسانی پلەباڵای بواری پەروەردە کە خاوەن شیاوەتی نین و هەموو گەندەڵ و گوێ‌ لە مستن، لە ئاشکرابوونی ئاکارە هەڵەکانیان دەترسن، هەر بۆیە لەگەڵ هەر جۆرە بەشداری پێکردنێکی سەندیکا و ڕێکخراوە پێشەییەکان لەمەڕ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم ڕۆژانە دژایەتی دەکەن. بڕینەوەی حوکمی جۆراوجۆری دادوەری وەک زیندان، دەرکردن، دوورخستنەوە و هتد کە لەژێر تۆمەتگەلی هەڕەشە بۆ سەر تەناهیی نەتەوەیی و تەبلیغ بە دژی نیزام دەر دەکرێن، بۆ ئەوەیە کە ڕێگە نەدەن مامۆستایان بە هێنانە بەر باسی مافەکانی خۆیان و قوتابییان، زیان بە کۆڵەکەکانی زوڵم و ستەمی دەسەڵات بگەیەنن. مووچەی مامۆستایان مەودایەکی درێژی لەگەڵ نۆرمی داهاتی ستاندارد لە ئێراندا هەیە و بە پلەیەکی بەرچاو لەژێر هێڵی هەژاریدا جێگای خۆی دەبینێتەوە. ئەوەش لە ئاکامی سیاسەتی ناحەکیمانەی دەسەڵاتی تارانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە تێکڕای ئەو هەوڵانە بە دژی بڕیارەکانی یوونیسکۆ و ڕاگەیەندراوەکانی پەیوەندیدار بە ڕۆژی جیهانیی مامۆستایانن.

قوتابییانی خۆشەویست و بنەماڵە بەڕێزەکان!

دەسەڵاتی فێڵاوباز و فریوکاری ویلایەتی فەقیهـ وەک لە دروشمە سەرەکییەکانیدا دەردەکەوێت، باوەڕی بە هیچکام لە بڕیارەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان و یەک لەوان یوونیسکۆ نییە، بەڵام بە مەبەستی فریوکارانە لە زۆربەیاندا ئەندامە و لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە ئاییننامە و بڕیارەکان واژۆ دەکات.

جیا لەو گرفتانەی کە باس کران، هەمووان دەزانین کە لە ئێران مافی یەکسان و بەرانبەر بۆ تێکڕای قوتابییان لە ئارادا نییە، پرسی فێرکاری بە ئاشکرا بازرگانیی پێوە دەکرێت، کار و چالاکیی مامۆستایان چ وەک تاک و چ لەنێو ڕێکخراوە پیشەییەکانی خۆیاندا خراونەتە ژێر سێبەری نگریسی حەراسەت، بەسیج، گوزینش، ئەماکن، سپای پاسداران و ئیدارەکانی سەر بە ئیتلاعات. قوتابییان بە شێوەی زۆرەملێ و لە ڕێگەی تەماع وەبەرنان بە نیزامی دەکرێن و وەک ئامرازی سیخوڕی لە ڕیزەکانی بەسیج و سپا کەڵکی خراپیان لێ‌ وەردەگیرێت،  مافی خوێندن بە زمانی دایکی زەوت کراوە و پارێزگاری لە کولتووری کەمینە نەتەوەییەکان مانای نییە، نوێنەری مامۆستایان، قوتابییان و بنەماڵەکانیان لە هیچکام لە ناوەندەکانی بڕیاردان ڕێگەیان پێ‌ نادرێت، ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان زۆر ناسەردەمیانە، شۆڤینیستانە و ڕەگەزپەرستانەن. جوغرافی و مێژوو بە شێوەیەکی دژە مرۆییانە دەستکاری دەکرێن و لە بەرنامە و پرۆگرامە فێرکارییەکان مافەکانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بە ئاشکرا پێشێل دەکرێن.

سەیر لەوەدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی یوونیسکۆدا ئەندامە و تێکڕای یاسا و ڕێساکانی ئەو ناوەندەی پەسەند کردووە. لە تێکڕای ئەمانە گرینگتر، لە دانیشتنی بڕیاری ١٩٩٤ کە ڕۆژی ٥ی ئۆکتۆبر وەک ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان دیاری کرا، نوێنەری ئێران بەشداریی تێدا کرد و بەرنامە و پەسەندکراوەکانی ئەم بۆنەیەی واژۆ کردووە. کەچی لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لە هیچ شوێنێک ئاوڕی لەو یادە نەداوەتەوە و هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات. بەدڵنیاییەوە هۆکاری تێکڕای ئەو کەمتەرخەمیگەلە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوەڕۆکی نیزامی ویلایەتی فەقیهـ ئەوەندە بێ نرخە کە ڕووی ئەو جۆرە مەجلیسانەی نییە.

خۆشەویستان!

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بە ڕێز و حورمەتەوە یادی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان دەکاتەوە و بەم بۆنەوە پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی تێکڕای مامۆستایان و وانەبێژانی دڵسۆزی کوردستان دەکات، بە تایبەتی ئەو ڕۆڵە نیشتمانپەروەرانەی کە بە سەخاوەتەوە ئەرکی قورسی ئەم پیشە پڕبایەخەیان لە ئەستۆ گرتووە و سەرەڕای گرفت و ئاریشە دژوارەکانی بە هەڵوێستەوە هەنگاو دەنێن. هەر ئەوە لە مامۆستایانی چاونەترسی کوردستانی داگیرکراومان چاوەڕوان دەکرێت کە وەک هەمیشە پشت بە دوژمن و ڕوو لە گەلە ستەملێکراوەکەمان تێبکۆشن و بە ئیلهام وەرگرتن لە دروشمی ئەمساڵی ڕێکخراوی جیهانیی مامۆستایان، لە بوارەکانی دیسیپلین، گەلدۆستی، خۆڕاگری و مافخوازی بن، پێشەنگایەتیی خۆیان بۆ هەمووان نیشان بدەن. مێژوو نیشانی داوە کە ئەگەر بەجێ بەرپەرچی پیلانەکانی دوژمنی ماف و ئازادییەکان نەدەینەوە، ئەرکی داهاتووی خۆمان و نەوەکانمان لەوەی کە هەیە قورستر دەبێت.

لە هەمان کاتدا داوا لە قوتابییانی چاوگەشی کوردستان دەکەین کە لەژێر چرای ڕووناکیی گەورە بە ئەزموونەکانیان، مامۆستایانی پێشەنگی خۆیان بدۆزنەوە و لەژێر ئامۆژگارییە بەنرخەکانیان یەکدڵ و هاوپەیمان هەتا دەرکەوتنی خۆری ڕزگاری و هاتنەبەری داری سەوزی ئاواتەکانیان لەگەڵیان بمێننەوە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران 

٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی بەرانبەر بە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ی کوردی