کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد

12:28 - 5 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: مامۆستایانی چەندین شاری ئێران وەک: کرماشان، ئەردەبێڵ و ئێسفەهان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕێبەندان، مامۆستایان لە چەندین شاری ئێراندا دەستیان دایە ناڕەزایەتیدەربڕین و دروشمدان.

مامۆستاکان جیا لە خواسته سێنفییەکانی خۆیان، خوازیاری ئازادیی مامۆستایان و کرێکارەکان بوون و لەهەمبەر بڵاوکردنەوەی دانپێدانانە زۆرەملێیەکانی ئیسماعیل بەخشی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 مامۆستاکانی شاری کرماشان، به کۆبوونەوە لە بەردەم بینای پەروەردەی ئەم شارە دەستیان به وتنەوەی دروشمگەلێک لەم چەشنە کرد: "کرێکار، مامۆستا، خوێندکار، یەکگرتن، یەکگرتن" و "پەروەردەی بێبەرانبەر مافی خەڵکی ئێرانە"؛ لە کۆتاییشدا بەیاننامەیەکیان دەرکرد کە تێیدا ئاماژە به کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠ی بەفرانبار کرابوو؛ ئەوان لەو بەیاننامەیەدا باسیان لەوە کردووە، که وڵامی هیچکام لە خواستەکانیان نەدراوەتەوە بۆیە جارێکی دیکه ڕژاونەوتە سەر شەقام.

مامۆستایانی ئێسفەهان به کۆبوونەوە لە بەردەم پەروەردە و وتنەوەی دروشمی "ئەشکەنجە، دۆکیۆمێنت، ئیدی کاریگەر نییە"، " مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت" و " کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت" دەستیان دایە ناڕەزایەتیدەربڕین.

لەم ناڕەزایەتیدەربڕینەدا، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم به مەبەستی ناسینەوەی ناڕازییان دەستیان به گرتنی وێنە و فیلم لە ناڕازییان کردووە، که دژکردەوەی مامۆستایانی بەدواوە بووە.

لە شاری ئەردەبێڵیش، مامۆستایان به کۆبوونەوە لە بەردەم بینای پەروەردەدا و بە بەدەستەوەگرتنی پلاکارتگەلێک بە نووسراوەکانی وەک: "مامۆستا هۆشیارە، لە هەڵاواردن بێزارە" و " لاوازکردنی فەرهەنگیان، داڕمانی فەرهەنگە" ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بەردەوامن؛ کرێکارەکان و مامۆستایان و چینەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگا بەردەوام ڕایانگەیاندووە، که تا نەگەیشتن به مافەکانی خۆیان و وەرنەگرتنی وڵامی داخوازییەکانیان درێژە به ناڕەزایەتی و مانگرتن دەدەن.