کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی ئایینیی پیرانشار لە بەردەم ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی

18:52 - 21 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ، بەشێک لە مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشار سەبارەت بە دەسبەسەریی مامۆستا "یوونس نەوخاهـ" لە بەردەم ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ئەو شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان پیشان دا.

مامۆستایان لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەرپرسی ئەو ناوەندە دانیشتنێکیان پێک هێنا و داوای ئازادکردنی مامۆستا "یوونس نەوخاهـ"ـیان کرد و لە ڕێگای ئەوانەوە بابەتەکە بە بەرپرسانی ئەمنی و ئیتلاعاتیی شار و پارێزگای ورمێ ڕاگەیەندرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر ئەوە درا کە هەتا ڕۆژی پێنجشەممە کێشەی مامۆستا یوونس چارەسەر بکرێت هەر چەند هەڕەشەی توند لە خەڵک و مامۆستایان کراوە کە کەمپەین بۆ ئازادیی ئەو مامۆستا دەسبەسەر کراوە ڕێک نەخرێت.

مامۆستا "یۆنس نەوخا‌هـ" وەکوو وانەبێژی فێرگەی سەلاحەددینی ئەیووبی ماوەی چەندین ساڵە کە خزمەت بە پێگەیاندنی فەقێ و هۆشیاریی خەڵک دەکات.

مامۆستا "یوونس نەوخاهـ" بەرەبەری جەژنی قوربان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.